Emre Demiral
23 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2026
حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، لە سنووری شارۆچکەی خورماتوو سەربە پارێزگای سەڵاحەددین، بەرپەرچی ھێرشێکی تیرۆریستانی داعشیان داوەتەوە.
لیوای ٦٣ی سەربە حەشدی شەعبی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، ژمارەیەک تیرۆریستی داعش پەلاماری خاڵێکی ھێزەکانیان داوە لە دەوروبەری چیاکانی مورسی عەلی لە قەزای خورماتوو.
لە ڕاگەیاندراوەکە ئەوەش خراوەتەڕوو کە هێزەكانی لیوای ٦٣ی سەربە حەشدی شەعبی بەرپەرچی ھێرشەکەیان داوەتەوە و ڕووبەڕووی تیرۆریستانی داعش بوونەتەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، دوای شەڕ و پێکدادانەكە، تیرۆریستانی داعش لەناوچەکە بەرەو شوێنێکی نادیار دوور کەوتوونەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، زیانە گیانییەکانی ھێرشەکە و شەڕ و پێکدادانەکە نەخراوەتەڕوو.