Sarmand Hameed
10 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 11 ئەیلوول 2020
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە میانی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، سەردانی قەڵای نزارکێی لە شاری دهۆک کرد.
نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، کازمی لە میانی سەردانەکەیدا بۆ قەڵای نزاکێ تاجە گوڵینەی لەسەر گۆڕی قوربانیانی ئەنفال لە قەڵاکە دانا و سورەتی فاتیحەی بۆ گیانی قوربانیانی ئەو تاوانە خوێندووە.
بەپێی راگەیەنراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، کازمی چاوی کەوتووە بۆ کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و گوێی لە داواکارییەکانیان گرتووە و رایگەیاندووە "قوربانیانی کەسوکارتان رێگەی بەرووی بنیاتنانی عێراقی ئازاد و دیموکراتی کردووە و بووە هۆی رووخانی دیکتاتۆرییەت"، وەک ئاماژەیەک بۆ رووخانی رژێمی پێشووی عێراق بە سەرۆکایەتی سەدام حوسێن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە بە یاوەری شاندێکی باڵای حکوومی گەیشتە ھەولێر پایتەختی ھەرێمی کوردستان و لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی باڵای هەرێم پێشوازیی لێکرا.
دوای دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بە سەردانێک گەیشتە شاری زاخۆ سەربە پارێزگای دهۆک و سەردانی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراھیم-ی کرد.
بڕیارە مستەفا کازمی سبەی هەینی لە هەولێر لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی کۆببێتەوە و دواتر سەردانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بکات.
ئەم سەردانەی مستەفا کازمی بە یەکەم سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان دادەنرێت لە دوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق لە مانگی ئایاری رابردوو.
هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی هەرێم یەکێک بوو لەنێو ئەو لایەنانەی کە پشتیوانی لە مستەفا کازمی کرد بۆ بوون بە سەرۆکوەزیرانی عێراق.