Zana Natık Kerem
30 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 30 ئاب 2021
ھەولێر ــ AA
بەڕێوەبەری فەرمانگەی گرێبەستەکان لە دیوانی پارێزگای بابل و بەڕێوەبەری ژمێریاری پلانی وەبەرھێنان لە دیوانی پارێزگاکە، ھەر یەکیان بەتۆمەتی گەندەڵی بە حەوت ساڵ زیندانیکردن، سزادران.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە دادگای تاوانەکانی بابل تایبەت بە پرسەکانی دەستپاکی، سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بۆ بەڕێوەبەری فەرمانگەی گرێبەستەکان لە دیوانی پارێزگای بابل بەتۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل لە نوێنەری کۆمپانیایەک، تایبەت بە دابینکردنی ئامێری (CT scan) بۆ نەخۆشخانەی مەرجان لە پارێزگاکە دەرکردووە.
ھەروەھا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە دادگای تاوانەکانی بابل لەسەر ھەمان دۆسیە، سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بۆ بەڕێوەبەری ژمێریاری پلانی وەبەرھێنان لە دیوانی پارێزگای بابل دەرکردووە.
بەپێی یاساکانی عێراق، سزاکان بەرایین و دەتواندرێت لە میانی یەک مانگدا لە بەراوری دەرکردنیدا لە بەردەم دادگای تەمییز تانەیان لێ بدرێت.