Zana Natık Kerem
06 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
سەركۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح رایگەیاند كە هێشتا جەنگی دژبە تیرۆر بەردەوامە، بۆیە پێویستە ھێزە ئەمنییەكان ھەوڵەكانیان یەكبخەن بۆ رێشەكێشكردنی پاشماوەكانی تیرۆر.
نووسینگەی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە بەرهەم ئەحمەد ساڵح، پێشوازی كردووە لە سوپاسالاری عێراق، فەریق عەبدولئەمیر یارەڵڵا.
بەپێی راگەیەندراوەكە سەركۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح وێرای دەستخۆشیكردن لە هێزەكانی سوپا، پێشمەرگە و حەشدی شەعبی لە راوەدوونانی پاشماوەكانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش كە مەرامیانە ئاسایش و ئارامی وڵات بشێوێنن، رایگەیاندووە كە هێشتا جەنگی دژبە تیرۆر بەردەوامە، بۆیە پێویستە ھێزە ئەمنییەكان ھەوڵەكانیان یەكبخەن بۆ رێشەكێشكردنی پاشماوەكانی تیرۆر.
باسی لەوەشكردووە كە بەرهەم ئەحمەد ساڵح جەختیكردووەتەوە لە پێویستی پتەوكردنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات، هەروەها پارێزگاریكردن لە دامەزراوە فەرمییەكان و نێردەكانی دیپلۆماتی و چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە سەپاندنی یاسا و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان.
ئەوەشی خستووەتەڕوو كە سەركۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح ئاماژەی بەوە داوە كە پێویستە توانای هێزە ئەمنییەكان لە رووی راهێنان و پڕچەككردن و پەرەپێدانی توانا سەربازییەكان و هەماهەنگی ئەمنی هاوبەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئاڵنگاری و رێگریكردن لە بۆشاییە ئەمنییەكان بەهێزتر بكرێت، هەروەها جەختیكردووەتەوە لە ھەماھەنگیی نێوان سوپا، پێشمەرگە و حەشدی شەعبی بۆ رێشەكێشكردنی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیری و ئارامی وڵات.
ئاماژەی بەوەشداوە كە سوپاسالاری عێراق، فەریق عەبدولئەمیر یارەڵڵا سوپاسی سەركۆماری عێراقی كردووە بۆ بەدواداچوون و پشتیوانیكردنی دەزگاكانی ئاسایش لە بەجێگەیاندنی ئەركەكانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و سەپاندنی یاسا و دابینكردنی ئاسایش بۆ هاووڵاتییان، هەروەها وردەكاری سەبارەت بەو ئۆپەراسیۆنانەی كە ئێستا بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەكانی داعش ئەنجام دەدەرێن خستووەتەڕوو.