Ali Makram Ghareeb
06 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2020
کەرکووک - AA
لە هێرشێکی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشدا بۆسەر خاڵێکی پۆلیسی فیدرالی عێراق، دوو پۆلیس کوژران و پێنجی دیکەش برینداربوون.
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان/کەرکووک، سەعد حەربیە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش هێرشیان کردووەتە سەر خاڵێکی چاودێری سەربە هێزی پۆلیسی فیدرالی لە باشووری کەرکووک.
سەعد حەربیە ئاماژەی بەوە کرد لە هێرشەکەدا کە چەکی سووک و ئۆتۆماتیکی بەکارهێنراوە، دوو پۆلیس کوژراون و پێنجی دیکەش برینداربوون.
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان/کەرکووک ئەوەشی خستەڕوو کە دوا بە دوای هێرشەکە هێزی ئەمنیی رەوانەی گوندی نگار سەربە شارۆچکەی حەویجە و دەورووبەری ناوچەکە کراوە و ئۆپەراسیۆن دەستیپێکردووە.
رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤دا، بەتەواوی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەددین و ئەنباری داگیرکرد لەگەڵ بەشێکی پارێزگاکانی دیالە و کەرکووک کە دواتر لە ماوەی چەند ساڵێکدا لە دەست ئەو رێکخراوە تیرۆریستیە رزگارکران.
سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق، حەیدەر عەبادی لە نۆی كانوونی یەكەمی ٢٠١٧دا، سەركەوتنی بەسەر ئەو رێكخراوەدا راگەیاند.
سەرەڕای ئەوەی ھێزەكانی عێراق داعش-یان لە ناوچەكان شكستپێهێناوە و شارەكانیان ئازادكردووە، بەڵام شانە نووستووەكانی رێكخراوەكە تا ئێستا بەردەوامن لەسەر ھێرشەكانیان بەتایبەت لە ناوچەکانی سەربە پارێزگاكانی نەینەوا، كەركووک، دیالە، سەڵاحەددین و ئەنبار.