Shamal Nouman Bakir
09 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 09 نیسان 2020
بەغدا ــ AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری نیشتمانی، مستەفا کازمی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ راسپارد.
لەوبارەوە ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق بڵاویکردەوە، سەرکۆمار بەرھەم ساڵح بەفەرمی سەرۆکی دەزگای ھەواڵگری نیشتمانی، مستەفا کازمی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ راسپاردووە.

ئاماژەی بەوەیشکردووە لەمیانی مەرسومێکدا کە سەرۆکایەتی کۆمار بڵاویکردووەتەوە تیایدا ئەوە ھاتووە "بەرچاوکردنی کشانەوەی راسپێردراو عەدنان زورفی بۆ پێکھێنانی نوێی حکوومەت، پشتبەستن بە ماددەی ٧٦ی دەستوور، مستەفا عەبدولەتیف کازمی-مان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ راسپارد".
باس لەوەشکراوە کە مستەفا کازمی لە رێکەوتی راسپاردنەکەی و لەمیانی یەک مانگدا، کابینەی حکوومەتەکەی پێکدەھێنێت و پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی دەکات.
راشیگەیەندراوە کە ئەم مەرسومە دوای ئەوەی لە رۆژنامەی فەرمی بڵاودەکرێتەوە، دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
ھاوکات لە یەکەم کاردانەوەیدا، مستەفا کازمی لەمیانی راسپاردنی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ بەڵینی دا، حکوومەتێکی پێکبھێنێت کە خواستی عێراقییەکان بخاتە پێشینەی کارەکانییەوە.
لەوبارەوە مستەفا کازمی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوویەتی "بەڕاسپاردنم بە ئەرکی سەرۆکایەتی حکوومەتی عێراق، بەڵێن دەدەم لەبەرامبەر گەلە بەخشندەکەمان، بۆ کارکردن لەسەر پێکھێنانی حکوومەتێک کە خواستی عێراقییەکان بخاتە پێشنەی کارەکانی، سەروەری نیشتمان و مافەکان بپارێزێت و کار بکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و ئابووری بەرەو پێش ببات".
پێشتر عەدنان زورفی کە لە ١٧ی مانگی پێشوو بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق راسپێردرابوو کشانەوەی خۆی لە پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق راگەیاندبوو.
عەدنان زورفی رایگەیاندبوو کە بەھۆی ھۆکاری ناوخۆیی و دەرەکیی، ھەروەھا رەخسانی دەرفەت بۆ سەرۆکی ھەواڵگریی، مستەفا کازمی بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت لە ئەرکی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ کشاوەتەوە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لایەنەکانی شیعە، سوننە و کورد رەزامەندییان نیشان دا لەسەر کاندیدکردنی سەرۆکی دەزگای ھەواڵگریی نیشتمانی، مستەفا کازمی بۆ ئەوەی حکوومەتی داھاتوو پێکبھێنێت.