Ekip
07 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 08 مای,س 2022
ھەولێر ــ AA
ئەفسەرێک لە پۆلیسی نەینەوا رایگەیاند، دوای ئەوەی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە لە ناوەند و ناوچەکانی قەزای شنگال کشانەوە، لەئێستادا رەوشی قەزاکە ئارام و سەقامگیرە.
ئەفسەرەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند "درەنگانی شەوی رابردوو، چەکدارانی پەکەکە لە ناوەند و ناوچەکانی قەزای شنگال بە ئاراستەی چیای شنگال کشاونەتەوە".
گوتیشی: "دوای کشانەوەی چەکدارانی پەکەکە لە ناوەند و ناوچەکانی قەزای شنگال، ھێزەکانی پۆلیس و سوپای عێراق لە گەڕەک و ناوچەکانی قەزاکە بڵاوکراونەتەوە و لەئێستادا، رەوشی شنگال ئارام و سەقامگیرە".
ئەمەیش دوای ئەوە دێت، دوێنێ ھەینی دەیان خۆپیشاندەر لە دانیشتووانی قەزای شنگال سەربە پارێزگای نەینەوا باکووری عێراق داوایان لە حکوومەتی عێراق کرد رێگە بەبوونی ھیچ گرووپێکی چەکداریی لە یاسا دەرچوو لە قەزاکەدا نەدات.
دوێنێ شایەتحاڵەکان بە ئاژانسی ئانادۆڵویان راگەیاندبوو کە دەیان کەس لە دانیشتوانی کۆمەڵگەی حەتیین لە قەزای شنگال لە بەردەم دەروازەی کۆمەڵگەکەدا گردبوونەوە و داوایان کرد رێگە بەبوونی ھیچ گرووپێکی چەکداریی لە یاسا دەرچوو لە ناوچەکەیان و تەواوی قەزاکەدا نەدرێت.
خۆپیشاندەران ئەوەیان خستەڕوو کە رووبەڕووبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان ھێزەکانی سوپا و چەکدارانی سەربە رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە نزیک ناوچەکەی ئەوان بووە، ئەمەش مەترسییەکی گەورەی لەلای خێزانەکانیان دروستکردووە.
رۆژی دووشەممەی رابردوو، شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای عێراق و چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە سەریھەڵدا و، لە پێکدادانەکاندا سەربازێکی سوپای عێراق کوژرا.
رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠، حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ قەزاکە رێککەوتن.
بەپێی رێککەوتنەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنیی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت و سەرجەم گرووپە چەکدارییە نایاساییەکان دەچنە دەرەوەی سنووری قەزاکە.