Fakhradin Ibrahim Mohammad
27 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 27 شوبات 2020
بەغدا - AA
کەمێک بەرلەئێستا راسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، محەمەد تۆفێق عەللاوی گەیشتە ئەنجوومەنی نوێنەران و چاوڕەوان دەکرێت لەگەڵ ھەریەک لە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆکی فراکسیۆنەکان کۆببێتەوە.
پیشتر راگەیەندرابوو کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە مەبەستی پێدانی متمانە بە کابینەی عەللاوی دادەنیشێت.
ئەگەری ئەوە ھەیە کە بەھۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکانی عێراق بە تایبەتی سوننە و کورد لەسەر میکانیزمی دانانی وەزیرەکانی کابینەی نوێ، دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێت.
ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، مەشعان جبوری لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی وێڕای ئەوەی داوای کردووە عەللاوی متمانە وەرگرتن بە کابینەکەی دوابخات، راشیگەیاندووە، "پێموایە باشترە بۆ محەمەد تۆفیق عەللاوی داوای دواخستنی دانیشتنی پێدانی متمانە بەخۆی و حکوومەتەکەی بکات تا ئەو کاتەی پێکھاتەی حکوومەتەکەی تەواو دەکات بەتایبەت ھەردوو وەزارەتی بەرگریی و ناوخۆ و رێککەوتن لەگەڵ سەرکردایەتی ھەرێمی کوردستان کە لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی-یەوە نوێنەرایەتی دەکرێت بۆ ناوی کاندیدی وەزیرە کوردەکان، بەر لەمانە بەدەستھێنانی متمانە ئەستەم دەبێت".
- محەمەد حەلبوسی پێشنیاز دەکات دانیشتنەکەی ئەمڕۆ بۆ رۆژی شەممە دوا بخرێت
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی پێشنیازی کرد کە دانیشتنەکەی ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ دەنگدان لەسەر کابینەی نوێی حکوومەت بۆ رۆژی شەممەی داھاتوو دوا بخرێت.
لەوبارەوە کەناڵی نیمچە فەرمی عێراقییە لە ھەواڵێکی بەپەلەدا بڵاویکردەوە، محەمەد حەلبوسی پێشنیازی بۆ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران کردووە کە دانیشتنەکەی ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ دەنگدان لەسەر کابینەی نوێی حکوومەت بۆ رۆژی شەممەی داھاتوو دوا بخرێت.