Zana Natık Kerem
25 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 26 ئاب 2020
هەولێر ــ AA
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند كە كۆی گشتیی داهاتی نەوتی هەناردەكراو لە مانگی تەمووزی رابردوودا، گەیشتووەتە سێ ملیار و 491 ملیۆن و 767 هەزار دۆلار.
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، عاسم جیهاد لە راگەیەندراوێكدا پشت بەستن بە ئاماری كۆتایی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عێراق (SOMO)، كۆی گشتیی داهاتی نەوتی هەناردەكراو بۆ مانگی تەمووزی رابردوو، بڵاوكردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە كۆی گشتی بڕی نەوتی هەناردەكراو لە مانگی تەمووزی رابردوودا، گەیشتووەتە 85 ملیۆن و 663 هەزار و 290 بەرمیل كە داهاتەكەی سێ ملیار و 491 ملیۆن و 767 هەزار دۆلار بووە.
لە راگەیەندراوەكەدا گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، عاسم جیهاد ئاماژەی بەوە داوە كە لە مانگی تەمووزی رابردوودا، بڕی نەوتی هەناردەكراو لە كێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، گەیشتووەتە 82 ملیۆن و 700 هەزار و 381 بەرمیل كە داهاتەكەی گەیشتووەتە سێ ملیار و 366 ملیۆن و 66 هەزار دۆلار.
عاسم جیهاد ئاشكرایشی كردووە كە لە مانگی رابردوودا، بڕی نەوتی هەناردەكراوی كەركووك لەڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە، گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 701 هەزار و 15 بەرمیل كە داهاتەكەی 118 ملیۆن و 536 هەزار و 773 دۆلار بووە.
راشیگەیاندووە كە لە مانگی تەمووزی رابردوودا، بڕی نەوتی هەناردەكراو بۆ ئوردن، گەیشتووەتە 261 هەزار و 894 بەرمیل كە داهاتەكەی حەوت ملیۆن و 164 هەزار و 134 دۆلار بووە.
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، عاسم جیهاد هەروەها راشیگەیاندووە كە لە مانگی تەمووزی رابردوودا، یەك بەرمیل نەوت بە 40 دۆلار و 76 سەنت فرۆشراوە.