Fakhradin Ibrahim Mohammad,Sarmand Hameed
29 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2021
هەولێر - AA / فەخرەدین ئیبراهیم-سەرمەند حەمید
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن رایگەیاند کە یەکێتیی ئەورووپا رێگە بە کۆچبەران نادات بچنە ناو خاکی یەکێتییەکە و ئەوانە قوربانی ململانێی سیاسیی نێوان بێلاڕووس و یەکێتیی ئەورووپان.
فوئاد حوسێن لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، لەبارەی پرسی کۆچبەرانەوە قسەی کرد و گوتی: "ئەگەر دۆخی سیاسیی، ئابووریی و ئەمنیی عێراق باش بێت، ئەم خەڵکە هەوڵ نادات کۆچ بکات".
وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لە کۆچبەرانی سەر سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپا کرد و گوتی: "هۆکارەکانی کۆچ زۆرن، کۆچ شتێکی کۆنە و لەگەڵ مرۆڤایەتی هەبوو، بەڵام هۆکاری ئێستا چی بووە، ئەوە بەجێ دێڵم بۆ ئەو کەسانەی کە لەم بوارەدا لێیدەکۆڵنەوە، بەڵام ئێمە مامەڵە لەگەڵ دەرئەنجام دەکەین وەک حکوومەتی عێراق و وەزارەتی دەرەوە کە بینیمان ئەم کۆچبەرانە گەیشتنە بێلاڕووس و هەوڵیان دا بڕۆنە ناو لیتوانیا و دوایی پۆڵۆنیا. ئەو دەوڵەتانە نەیانهێشت و قبوڵیان نەدەکرد، ئێمە یەکسەر هەوڵماندا لەگەڵ ئەو کۆچبەرانە قسە بکەین و خەڵکمان ناردە سەفارەتەکانمان لەو دەوڵەتانە بۆ ئەوەی قسەیان لەگەڵ بکەن کە خۆیان گەیشتنە ئەو بڕیارە کە بێنەوە و زۆربەی زۆریان بە خواستی خۆیان بڕیاریان دا، ئەو کاتە ئێمە فڕۆکەمان نارد (بۆ گەڕانەوەیان)".
گوتیشی: "تا ئێستا پێنج گەشتمان ئەنجامداوە و هەزار و ٨٩٠ کەسمان هێناوەتەوە لە بێلاڕووس، بەردەوام دەبین ئەگەر بیانەوێت بگەڕێنەوە".
پێشتر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف رایگەیاندبوو کە لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی کۆچبەران لەم دواییانەدا، وەزارەت پەرۆشی ئەوە بووە کە بەپەلە لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان هەماهەنگیی بکات بۆ گەڕانەوەی کۆچبەران و لەم چوارچێوەیەشدا لە گەشتی تایبەت و لەڕێگەی ئەو هەوڵانەی کە وەزارەت لەگەڵ هێڵی ئاسمانیی عێراق خستوویەتەگەڕ لە کاروانی یەکەمدا، ٤٣١ کۆچبەر و لە کاروانی دووەمدا، ١٧٦ و لە سێیەمدا، ٤٣٥ کۆچبەر گەڕێندراونەتەوە و چوارەم کاروانیش کە ژمارەیان ٤٣١ کەسە ئێوارەی ئەمڕۆ دەگەنەوە عێراق و سبەییش کاروانی پێنجەم کە ژمارەیان ٤٣٠ کۆچبەرە، دەگەنەوە عێراق.
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لەبارەی گازندەی کۆچبەران کە باس لە بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی سەر سنوورەوە دەرهەق بە کۆچبەران دەکەن گوتی: "لە مانگی تەمووزەوە لە پەیوەندی بەردەوام داین لەگەڵ وەزیری دەرەوەی لیتوانیا، سێ دیدارمان ئەنجام دا، هەم لە وڵاتەکەی خۆی و هەم لە نیۆیورک و هەم لە عێراق، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی پۆلۆنیاش کۆبوومەوە باسم کردووە، بە رێگەی تەلەفۆنیشەوە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی دیکەش قسەم کردووە. لەگەڵ نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆرێڵ-یش قسەم کردووە، ئەوانیش دەڵێین ئەوە کۆچێکی رێکخراوە و کۆمەڵێک قاچاغچی رێکیان خستووە".
بەگوتەی فوئاد حوسێن، ئەم خەڵکە، بوونەتە قوربانی ململانێکی سیاسیی لەنێوان بێلاڕووس و یەکێتیی ئەورووپا بە تایبەتی لەنێوان بێلاڕووس لیتوانیا.
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە بارەی چارەنووسی کۆچبەرانەوە، گوتی: "ناهێڵن بڕۆنە ژوورەوە و ئێمەش لە هەوڵداین بۆیان کە ئەم خەڵکە بهێنینەوە عێراق".
فوئاد حوسێن لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە رەخساندنی هەلی ژیانێکی باش بۆ کۆچبەران دوای گەڕانەوەیان چۆن دەبێت گوتی: "ئەم خەڵکە دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. ئاوەدانکردنەوەی ناوچە جیاوازەکانی عێراق پەیوەندی بە دۆخی سیاسیی، ئابووریی و ئەمنیی عێراقەوە هەیە و ئەگەر دۆخی سیاسیی، ئابووریی و ئەمنیی عێراق باش بێت، ئەم خەڵکە هەوڵ نادات کۆچ بکات".
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە کۆتاییدا گوتی: "یەکێک لە کێشەکانمان ئەوەیە تا ئێستا ژمارەی کۆچبەران دیار نییە و باس لە سەدان و هەزاران کەس دەکرێت لەسەر ئەو سنوورانە" و جەختی لەوە کردەوە کە "ئەوانە دەبێت لەسەر خواستی خۆیان بگەڕێنەوە عێراق".