Heman Hussein Yaseen
30 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 31 تشرینی یەکەم 2024
هه‌ولێر- AA
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ كۆنسوڵخانه‌ی توركیا له هه‌ولێر، به‌بۆنه‌ی ٢٩ی تشرینی یه‌كه‌م، جه‌ژنی كۆماری و یادی ١٠١ ساڵه‌ی كۆماری توركیا، ڕێوڕه‌سمێكی ڕێكخست.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا، هه‌ریه‌ك له سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی، ژماره‌یه‌ك له وه‌زیر، په‌رله‌مانتار، كۆنسوڵ و نوێنه‌ری وڵاتان بەشدار بوون.
له‌میانی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا، كۆنسوڵی توركیا له هه‌ولێر، ئارمان تۆپچو گوتارێكی پێشكه‌ش كرد و، وێرای پیرۆزباییكردنی جه‌ژنی كۆماری و یادی ١٠١ ساڵه‌ی کۆماری توركیا، جه‌ختی له په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و عێراق و هه‌رێم كرده‌وه و پیرۆزباییشی له ئه‌نجامدانی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كرد.
ئارمان تۆپچو گوتی: ''سه‌ره‌تا ده‌مه‌وێت له‌م سه‌كۆیه‌وه پیرۆزبایی خۆم به‌بۆنه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له ٢٠ی ئۆكتۆبه‌ر ده‌رببڕم، هیوادارم ئه‌نجامه‌كانی ببنه مایه‌ی خێر و خۆشی، له‌پێناو ئاشتی و سه‌قامگیری و خۆشگوزه‌رانی و هیوادارم به‌زوویی حكوومه‌تی نوێ پێكبێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بین له پێكه‌وه كاركردنمان''.
ئارمان تۆپچو گوتیشی: ''پیرۆزبایی ١٠١ ساڵه‌ی كۆمارمان له سه‌رجه‌م هاووڵاتییان ده‌كه‌م و دوعای خێر بۆ شه‌هیده‌كانمان ده‌خوازم، بێگومان ئه‌تاتوركی مه‌زن له كاتی ڕاگه‌یاندنی كۆماری توركیادا، ئه‌م پێشبینییه‌ی سه‌باره‌ت به داهاتووی توركیا كرد كه سه‌ركه‌وتوو و، سهرەفراز ده‌بێت، ئه‌مڕۆ كۆماره‌كه‌مان به دیموكراسییه‌كی به‌هێز، به‌هێزێكی مرۆیی ناوازه كه به‌شێكیان لێره‌ن به تۆڕێكی دیپلۆماسی كه به‌گشت جیهان بڵاوبووه‌ته‌وه هه‌وڵده‌ده‌ین به‌شێكی كه‌می نیشان بده‌ین كه به‌ته‌واوی بووه‌ته ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی كه ئه‌تاتورك ئاماژه‌ی پێدابوو''.
هه‌ر له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا، په‌یامێكی ڤیدیۆیی سه‌ركۆماری توركیا ئه‌ردۆغان له‌باره‌ی ١٠١ ساڵه‌ی كۆماری توركیا نیشاندرا.
سه‌ركۆماری توركیا ئه‌ردۆغان له په‌یامه‌كه‌یدا گوتی: ''پیرۆزبایی جه‌ژنی ٢٩ی تشرینی یه‌كه‌م له تاك به تاكی هاووڵاتییانمان ده‌كه‌م، سوپاسی هه‌موو ئه‌وانه ده‌كه‌م كه به‌شداری ده‌ربڕینی خۆشه‌ویستی ئه‌م جه‌ژنه‌مان بوون، خۆشحاڵبووین و یادی ١٠١ ساڵه‌ی كۆمارمان پیرۆزبێت، به سوپاسه‌وه یادی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری وڵاته‌كه‌مان به تایبه‌تی دامه‌زرێنه‌ری كۆمارمان، غازی مسته‌فا كه‌مال ئه‌تاتورك ده‌كه‌مه‌وه كه به‌دوایین ئه‌ڵقه‌ی زنجیره ده‌وڵه‌تانی هه‌زاران ساڵه‌ی ئێمه داده‌نرێت''.
هه‌ر له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌فین دزه‌یی پیرۆزبایی خۆیانی ئاراسته‌ی كۆماری توركیا كرد و هیوای په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه هاوبه‌شه‌كانی خواست و جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه هه‌میشه هه‌وڵی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانییان له‌گه‌ڵ وڵاتانداوه.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا، تیمێكی هونه‌ر و میوزیك سروودی نیشتمانی‌یان چڕی و دواتر چه‌ند بڕگه‌یه‌كی دیكه‌ی هونه‌ری پێشكه‌شكرا و پاشان ئاماده‌بووان بەو بۆنەیە به‌شداری ئێواره خوانێكیان كرد.