Heman Hussein Yaseen
29 تشرینی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 30 تشرینی یەکەم 2024
هەولێر - AA
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە شاندێک پێکدەھێنن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و ئاماژەش بەوە دەکات کە ڤیتۆیان لەسەر ھیچ لایەنێک نییە.
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھێمن ھەورامی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد کە شاندێک پێکدەھێنن بۆ ئەوەی سەردانی لایەنە سیاسییەکان بکەن و ڕاشیگەیاند کە دەرگایان بۆ ھەموو لایەنەکان کراوەیەوە و ڤیتۆشیان لەسەر ھیچ لایەنێک نییە.
ھێمن ھەورامی گوتیشی: "لە قۆناغی دوای ھەڵبژاردن پارتی دیموکراتی کوردستان پابەندە بە دروشمەکانی خۆی، ئەویش ھێنانەدی ئارامی و ئاوەدانی و پێکەوەییە تاوەکو بتوانین پێکەوە خۆڕاگر بین".
ھێمن ھەورامی تیشکی خستەسەر بەرنامەی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ڕاشیگەیاند کە خاڵی ھاوبەش لە نێوان لایەنەکان ھەیە و لەمبارەیەوە گوتی: "ئێمە بەرنامەیەکمان ڕاگەیاندووە وەکو بەرنامەی پارتی بۆ کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لایەنەکانی دیکەش بەرنامەیان ھەبووە، بێگومان خاڵی ھاوبەش لە نێوانماندا ھەیە و گرنگە ئەو خاڵە ھاوبەشانە بدۆزینەوە".
ئەو بەرپرسەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان جەختی لەوەشکردەوە کە بەرنامەکە بە شێوەیەک دادەڕێژن بۆ ئەوەی ھاوبەشی نیوە ڕێگایان نەبێت و لەمبارەیەوە گوتی: "زۆر گرنگە بۆ یەک ھەرێم، یەک حکوومەت، یەک پەرلەمان و، یەک ھێزی پێشمەرگە بتوانین بەرنامەیەک بۆ چوار ساڵی ئایندە دابنێین، ھەروەھا ھاوبەشی نیوە ڕێگەمان نەبێت، لەگەڵ ھەموو لایەنەکان گفتوگۆ دەکەین لەسەر ئەو بەرنامەیەی کە باسمان کردووە".