Rawan Subhi Obaiullah
06 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 07 تەمووز 2023
دھۆک - AA
بنکەی رۆشنبیریی و کۆمەڵایەتیی لالش لە شاری دھۆک، لەژێر درووشمی "فۆلکلۆر ناونیشانی رەسەنایەتیی ئێمەیە" لە ھۆڵی کۆنفرانسەکانی زانکۆی دھۆک فێستیڤاڵی کولتووریی و رۆشنبیریی لالش-ی ئەنجامدا.
لە فێستیڤاڵەکەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی و رۆشنبیرانی ئێزدی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و دەرەوە بەشداربوون.
لە فێستیڤاڵەکەدا چاند و ھونەری کوردی ئێزدی بۆ ئامادەبووان نمایشکرا و چەند گۆرانییەکی فۆلکلۆری پێشکەش کران، ھەروەھا تیپی شاریاش تابلۆیەکی ھەڵپەڕکێی پێشکەش کرد و چەندین ھەڵپەرکێی جیاواز و تایبەت بە کوردانی ئێزدی پێشکەش کران.
لە فێستیڤاڵەکەدا، ھەروەھا چەندین جلوبەرگی جیاوازی کوردانی ئێزدی نمایشکران.
سەرۆکی بنکەی رۆشنبیریی و کۆمەڵایەتیی لالش لە شاری دھۆک، سەعید جردۆ لە لێدوانێکی دا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "فێستیڤاڵی ئەمساڵ تایبەت بوو بە کولتووری ئێزدییەکان کە چەند تابلۆیەکی ھەڵپەڕکێ لە لایەن تیپەکانی شاریا، باشیک، بەحزان و شنگال پێشکەش کران، ھەروەھا خواردنی فۆلکلۆریش نمایشکرا و فێستیڤاڵەکە ساڵانە خەڵاتێک پێشکەش بە کەسایەتییەکی ئێزدی دەکات".
بڕیارە فێستیڤاڵەکە یەک رۆژ بخایەنێت کە لە چەندین پانێل پێکدێت و تیایدا بەڕێوەبەری رادیۆی یەریڤان لە ئەرمینیا باسی فۆلکلۆری کوردی ئێزدی لە ئەرمەنستان دەکات، ھەروەھا بەدران حوکمەت، مامۆستای زانکۆی ماردین باسی فۆلکلۆری کوردی ئێزدی لە تورکیا دەکات.
تەحسین خدر وەکو ھونەرمەندێکی بەشداربووی فێستیڤاڵەکە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەشداریکردنی ھونەرمەندانی ئێزدی لەم جۆرە فێستیڤاڵانەدا گرنگی خۆی ھەیە، پێویستە لایەنە بەرپرسەکان گرنگی بە فۆلکلۆر و کولتووری ئێزدییەکان بدەن، بەداخەوە دەیبینم ھیچ گرنگییەک بە ھونەرمەندانی ئێزدی نادرێت".
جینا حوسێن کچێکی ئێزدی خەڵکی کۆمەڵگای خانکێ کە بە دروستکردنی خواردنێکی فۆلکلۆری بەشداری لە فێستیڤاڵی کولتووری و رۆشنبیری لالش دا کردبوو لە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە ھەشت کچی ئێزدی لە دروستکردنی خواردنی فۆلکلۆری بۆ فێستیڤاڵەکە بەشداربووین، چەندین جۆری خورادنمان دروست کردووە".