Zana Natık Kerem
29 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 29 ئادار 2021
ھەولێر ــ AA
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر ھۆشداریدا لە ئەگەری دواخستنی پەسەندکردنی بوودجەی گشتیی و دوای کرد کە ناکۆکییەکان وەلاوە بنیرێن و بوودجە پەسەند بکرێت.
موقتەدا سەدر لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توێتەر نووسیوویەتی "جارێکی دیکە ئەنجوومەنی نوێنەران بەھۆی ناکۆکییە سیاسیی، حزبی، تایفیی و (نەتەوەییەکان)، ھەروەھا لەبیرکردنی نەھامەتییەکانی گەل، نەیتوانی بوودجەی گشتیی، پەسەند بکات".
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر ھۆشداریداوە لە ئەگەری دواخستنی بووجەی گشتیی و داوایکردووە کە ناکۆکییەکان وەلاوە بنیرێن و بوودجە بەزووترین کات پەسەند بکرێت و نووسیوویەتی:
"سوپاسی ھەڵوێستی ئەندامانی فراکسیۆنی سائیرون لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەکەم و داوایان لێ دەکەم ھەوڵی زیاتر بدەن بۆ پەسەندکردنی بوودجە".
بڕیاربوو دوێنێ یەکشەممە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دانیشتنی ئاسایی خۆی سازبکات و دەنگ لەسەر ماددە و بڕگەکانی پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠٢١ بدات، بەڵام دانیشتنەکە سازنەکرا و بۆ کاتێکی دیکە دواخرا.