Fakhradin Ibrahim Mohammad
14 نیسان 2025•نوێکردنەوە: 15 نیسان 2025
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان-عێراق مەسرور بارزانی ڕایدەگەیەنێت کە "دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی کۆمەڵکوژی ئەنفال هەر ماون" و داوش لە حکوومەتی فیدڕاڵ دەکات، بە ئەرک و لێپرسراویەتی یاسایی خۆیانەوە هەستن و زیانلێکەوتووانی جێنۆساید قەرەبوو بکەنەوە.
مەسرور بارزانی لە ٣٧مین ساڵیادی شاڵاوەکانی ئەنفاڵ پەیامێکی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردەوە.
لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمدا هاتووە، "لە ٣٧مین ساڵیادی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال، بە ڕێزەوە یادی شەهیدان و قوربانییانی جێنۆسایدی ئەنفال دەکەینەوە، کە ڕژێمی پێشووی عێراق، بە دەیان هەزار خەڵكی بێتاوانی كوردستانی ڕاپێچی بیابانەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق کرد و لە گۆڕی بە کۆمەڵدا زیندەبەچاڵ و بێسەروشوێنی كردن".
سەرۆکوەزیرانی هەرێم وێڕای ئاماژەکردن بەوەی کە لێکەوتەکانی جینۆسایدی کوردی تا ئێستاش لەسەر کۆمەڵگاکە ماوەن، ڕادەگەیەنێت، "جێنۆسایدی ئەنفال، تاوانکارییەکی گەورە بوو لە دژی خاک و خەڵکی کوردستان ئەنجامدرا و تا ئێستاش، دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی ئەم کۆمەڵکوژییە هەر ماون و پێویستە حکوومەتی فیدراڵ، بە هەستکردن بە ئەرک و لێپرسراویەتی یاسایی و دەستووری و ئەخلاقی خۆیەوە، کەسوکار و بنەماڵە و هەموو زیانلێکەوتووانی جێنۆسایدی ئەنفال و هەموو ستەملێکراوانی دیکەی دەستی ڕژێمی بەعس، لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە قەرەبوو بکاتەوە".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدان و ئەنفالکراوان، ڕایدەگەیەنێت، "لە ساڵڤەگەڕی ئەم شاڵاوە تاوانکارییە شۆڤێنیەدا، حکوومەتی هەرێمی كوردستان پابەندبوونی خۆی بە خزمەتکردنی زیاتری کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی ئەنفالکراوان و شەهیدانی کوردستان دووپات دەکاتەوە".
شاڵاوەکانی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٠ هەتا ١٩٨٨ و لە چەندین قۆناغدا لە لایەن ڕژێمی بەعسی ڕووخاوەوە ئەنجام درا و بە پێی داتاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ١٨٢ هەزار کەس لەو پڕۆسەیەدا بێسەروشوێن و یان زیندەبەچاڵ کراون. حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەم لەسەر ئاستی دامودەزگای فەرمی و یاسایی عێراق و هەر لەسەر ئاستی جیهانیش هەوڵی بەجینۆسایدناساندنی ئەم پرۆسەیە دەدات.