Heman Hussein Yaseen
19 مای,س 2026•نوێکردنەوە: 19 مای,س 2026
لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرکۆماری ئیتاڵیا سێرجیۆ ماتارێلا کۆبووەوە و تێیدا دوایین پێشھاتەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست تاوتوێکراوە.
سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە کە ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە ڕۆما لەلایەن سەرکۆماری ئیتاڵیا سێرجیۆ ماتارێلا پێشوازیی لێکرا و دواتر کۆبوونەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندیی دۆستانەی ھەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئیتاڵیا تاوتوێکرا و ھەردوولا جەختیان لەسەر خواستی ھاوبەشیان بۆ بەھێزکردنی زیاتری ئەم پەیوەندییانە لە بوارە جیاجیاکاندا کردەوە.
وێنە : KR President Press Office/AA
ئەوەشخراوەتەڕوو کە نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی ھەرێمی کوردستان و عێراقی بۆ پشتیگریی بەردەوامی ئیتاڵیا دووپاتکردەوە، بەتایبەتی لەڕووی سیاسی، مرۆیی و گەشەپێدانەوە، ھەروەھا ھاوکاریی سەربازیی ئیتاڵیای لە ماوەی شەڕی دژی تیرۆردا بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق بەرز نرخاند.
بەپێی بەشێکی ھەواڵەکە، سێرجیۆ ماتارێلا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەکە دەربڕیووە و جەختی لە پابەندیی وڵاتەکەی بۆ پشتگیری لە ئارامی، سەقامگیری و گەشەپێدانی عێراق و ھەرێمی کوردستان کردووەتەوە. ھەروەھا ستایش و پێزانینی ئیتاڵیای بۆ ھەرێمی کوردستان وەک پارێزەر و لانکەی پێکەوەژیان و پێکھاتە جیاوازەکان لە ناوچەکەدا، دووپات کردووەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ھەواڵەکەدا ھاتووە: "تاوتوێکردنی دوایین پێشھاتەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو. لەمبارەیەوە ھەردوولا ھاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی".