Hawkar Yaseen M Amin Mohammed Amin
03 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 04 تشرینی دووەم 2021
هەولێر AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە بارەگای تایبەتی خۆی پێشوازیی کرد لە راوێژکاری تایبەت و سەرۆکی نوێی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)، کریستیان ریتچەر.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان "لە دیدارەکەدا سەرۆکی حکوومەت، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە سەرۆکی نوێی یونیتاد کرد و جەختی لە گرنگیی پاڵپشتی یونیتاد بۆ ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش کردەوە".
راشیانگەیاندووە "سەرۆکی نوێی تیمی یونیتاد، سوپاسی هاوکاری و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی لە تاوانەکانی داعش کرد".
بەپێی راگەیاندراوەکەی نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان "لە کۆبوونەوەکەدا، ئاماژەدرا بەوەی کە لە دوو ساڵی رابردوودا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەزاران بەڵگەی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعشی رادەستی تیمی یونیتاد کردووە و بەردەوامیش دەبێت لە ھەر ھەماھەنگییەکی پێویست لە گەڵ تیمەکە".
راشیانگەیاندووە "لە کۆبوونەوەکەدا دوایین رێکارە یاسایی و تەکنیكییەکانی دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش و ئەرشیڤکردنی تاوانەکانیان و بەدیجیتەڵکردنیان و پەرەپێدانی هەماهەنگیی نێوان دەسەڵاتی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا".