Heman Hussein Yaseen
03 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 04 تشرینی دووەم 2021
ھەولێر - AA
بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بێگەرد تاڵەبانی یەکەمین پێشانگا و کۆنفرانسی کشتوکاڵی و بەروبوومە ئاژەڵییەکان لە شاری ھەولێر کردەوە.
لە پێشانگاکەدا نزیکەی ٦٠ کۆمپانیا بەشدارن و بابەتێکی زۆر لە بەروبوومە کشتوکاڵییەکان نمایشکراون و وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بێگەرد تاڵەبانی ئاماژە بەوە دەکات کە ئامانجیان ئەوەیە کە ئەم پێشانگایە ببێتە ھۆی ئەوە بەروبوومەکانی ھەرێمی کوردستان لە شارەکانی دیکەی عێراق بە بازاڕبکەن و بەھەمانشێوە بەروبوومەکانی شارەکانی دیکەی عێراقیش لە ھەرێمی کوردستان بە بازاڕ بکرێت.
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بێگەرد تاڵەبانی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەم پێشانگایە یەکێکە لە پێشانگا ھاوبەشەکانی ھەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان کە زۆربەی ھەرەزۆری پڕۆژە کشتوکاڵییەکان و جووتیارە نموونەییەکان بە مەبەستی نمایشکردن و ئاڵوگۆڕی بازرگانی تیایدا بەشدارن و دەمانەوێت لە چوارچێوەی ئەم پێشانگایەدا کۆمەڵێک گرێبەست واژوو بکرێت بۆ بەبازاڕکردنی بەرھەمەکان تا بتوانین بەرھەمەکانی ئێمە بۆ نموونە لە بەسرە بەبازاڕ بکرێت و بەھەمانشێوەش بەرھەمانی شارەکانی دیکەی عێراقیش لە ھەرێمی کوردستان بەبازاڕ بکرێت".
بێگەرد تاڵەبانی لەبارەی ژمارەی کۆمپانیاکانی رایگەیاند کە نزیکەی ٦٠ کۆمپانیا بەشدارن و پێشانگاکەش ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و پێشبینی دەکات لەماوەی ئەم سێ رۆژەدا کۆمەڵێک گرێبەست و گفتوگۆی بەسوود لەنێوان جووتیاران ئەنجام بدرێت.
لە پێشانگاکەدا زیاتر تیشکخراوەتە سەر بەروبوومە کشتوکاڵییەکان، هەروەها ژمارەیەک کەلوپەل و ئامێر و پێداویستی کشتوکاڵی نمایشکراون.
پێشانگاکە ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و بڕیارە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان بۆ ئاڵوگۆڕی بەروبوومە کشتوکاڵییەکانیان بە بەشداری ژمارەیەک شارەزای بواری کشتوکاڵیی لە کۆنفرانسەکە گفتوگۆ بکەن.