Sarmand Hameed
29 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 29 تشرینی یەکەم 2022
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، مستەفا كازمی قسەی کردووە و لە بەرانبەر سەركردایەتیكردنی وڵات و خزمەتەكەی، سوپاسی کردووە.
مەسرور بارزانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیوویەتی: "ئەمشەو قسەم لەگەڵ هاوڕێم مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق كرد، بۆ ئەوەی سوپاسی بكەم لە بەرانبەر سەركردایەتیكردنی وڵات و خزمەتەكەی".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها نووسیوویەتی: "سەرەڕای ئاڵنگاریی و ئاستەنگەكان، تەنانەت ئەو هەڕەشانەی هەندێک جار سەلامەتی خودی خۆی تێدا دەكرایە ئامانج، ئەو توانی رێڕەوی خۆی بپارێزێت، هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازم".
رۆژی ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە تایبەت بوو بە متمانەدان بە ئەندامانی کابینەی نوێی حکوومەت، متمانە بە کارنامە و ئەندامانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی درا.
ئەمڕۆ هەینی ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، مستەفا کازمی ئەرکەکەی وەک سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رادەستی محەمەد شیاع سوودانی کرد.