Zana Natık Kerem
15 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 15 حوزەیران 2019
بەغدا ــ AA
وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاند، سێ گولـلە ھاوەن، بەسەر بنکەی ئاسمانی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەددین کەوتنەخوارەوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە وەزارەتی بەرگری عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی كردووه، بە ھۆی کەوتنەخوارەوەی سێ گولـلە ھاوەنەکە، ئاگر لە پووش و گیای دەرەوەی بنکەی ئاسمانیی بەلەد کەوتووەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ئاگرەکە لە لایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنتڕۆڵکراوە و ھیچ زیانێکی گیانی لێنکەوتووەتەوە. بنکەی ئاسمانی بەلەد بە گەورەترین بنکەی ئاسمانی لە عێراق دادەندرێت و بە دووری ٦٤ کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری بەغدا و لە ناوەڕاستی ھەشتاکاندا لە لایەن کۆمپانیاکانی یوگسلافیا دروستکراوە و رووبەرەکەشی ٢٥ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.
دوای ساڵی ٢٠٠٣، بنکە ئاسمانی بەلەد لە لایەن ھێزەکانی ئەمریکاوە بەکاردەھێندرا دواتر لە ھەشتی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١١دا، بنکەکە رادەستی سوپای عێراق کرایەوە.