Zana Natık Kerem
14 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2022
هەولێر - AA
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە چەندین مووشەک بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان ئێران لە شاری کۆیە کرایە ئامانج و بەپێی لێدوانی وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سامان بەرزنجی لە ئاکامی بۆردومانەکەدا یەک کەس گیانی لەدەستداوە.
بارەگانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بۆ دوومجار لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا کرایە ئامانج و بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، بنکەکانی قەڵا، گەڕەکی ئازادی کە شوێنی نیشتەجێکردنی پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حدکایە، کراوەتە ئامانج.
لەم بارەیەوە لە راگەیاندراوێکدا وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سامان بەرزنجی بڵاویکردەوە کە، "لە ئاکامی بۆردومانەکەی کۆیە تا ئێستا یەک کەس گیانی لە دەستداوە و هەشت کەسیش بریندار بوون".
هاوکات لەگەڵ بۆردومانکردنی بارەگاکانی حدکا، بنکە و بارەگاکانی کۆمەڵە لە شارۆچکەی زرگوێز سەر بە سلێمانی کراوەتە ئامانج، بەڵام هیچ زانیارییەک لە زەرەر و زیانەکان نەزاندراوە.