Abdulhameed Husseın Karam
04 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2022
ھەولێر - AA
مەراسیمی دەستپێکردنی ساڵی خوێندنی نوێ (٢٠٢٢-٢٠٢٣) لە قوتابخانەی نێودەوڵەتیی مەعاریف بە بەشداری دەستەی کارگێڕی قوتابخانەکە، مامۆستایان، قوتابیان و دایکان و باوکان بەرێوەچوو.
لە مەراسیمەکەدا، دوای بەخێرھێنانی قوتابییان و مامۆستایانی نوێ، تەواوی ستافی قوتابخانەکە بە قوتابییان و دایکان و باوکان ناسێندران.

بەڕێوەبەری کارگێڕیی قوتابخانەی نێودەوڵەتیی مەعاریف، ئیدریس کارائاسلان لە مەراسیمەکەدا، خوشحاڵی خۆی بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن دەربڕی و رایگەیاند کە ئەرکی مامۆستایان گەورەترە لەو پۆستەی کە ھەیانە، مامۆستایان بەپرسیارێتیان زۆر گەورەیە بەجۆرێک مامۆستا گەورەترین سەرمایەیە کە منداڵەکانمان پەروەردە دەکەن، بۆیەش رێگەی ئێوەی مامۆستا زۆر سەختە و پێویستی بە کۆششە بۆ ئەوەی بەپێ بارۆدۆخی سەردەمیانە قۆتابییانمان پەروەردە بکرێن".
ئیدریس کارائاسلان باسی لە ئامانجی قوتابخانەکەیان کردەوە و گوتی: "ئامانجی قوتابخانەکەمان پەروەردەکردنی منداڵانە بە باشی بە جۆرێک بۆ کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی بەسوود بن. با ئەوەش لە بیر نەکەین لە پشت ھەر سەرکەوتنێک کار و خەباتی سەخت و رێکخراو ھەیە، بۆیە رێکخراو و بەردەوام کاربکەن و بۆ ئەوەی ئێوە سەرکەوتوو بن".
گوتیشی: "پرۆگرامی پەروەردەی قوتابخانەکەمان بە چوار زمانی تورکی، کوردی، عەرەبی و ئینگلیزییە و ئێمە گرنگی بە ھەموویان دەدەین تاکو ئەو قوتابییانەی کە لێرە دەردەچن، بە چوار زمان بە باشی قسە بکەن".
بەڕێوەبەری کارگێڕیی قوتابخانەی نێودەوڵەتیی مەعاریف ئاموژگاری قوتابییانی کرد و گوتی: "چاوەڕوانیمان لە ئێوەی قوتابی ئەوەیە کە ئێوە رێز لە مامۆستایان، دایکان و باوکان و گەورەکان بگرن و لەگەڵ بەتەمەنەکان زۆر بە سۆز و خۆشەویستی بجوڵێنەوە و لە بیرتان بێت پارێزگاری لە کەرەستەکانی خۆتان و قوتابخانەکەتان بکەن".
ئیدریس کارائاسلان هەروەها گوتی: "پەروەردەی باش و گەورەبوون بە باشی دەبێتە ھۆی ئەوەی کە ئێوە وڵاتێکی ئارامتر و جیھانێکی ئارمترتان ھەبێت".

لە مەراسیمەکەدا رێز لە یەکەمی قوتابخانەکە بە ناوی مەریەم عومەر گیرا و خەڵات و سوپاسنامەی پێشکەش کرا.
مەریەم عومەر لەئێستادا لە کولێژی پزیشکیی حاجەتەپە لە تورکیا ناوی ھاتووەتەوە و لەوێ درێژە بە خوێندن دەدات و دووەمی سەر ئاستی قوتابخانەکەیش، قوتابی عومەر ئەیاد ناوی لە کولێژی پزیشکی زانکۆی ئەنقەرە ھاتووەتەوە، هەروەها سێیەمی سەر ئاستی ئەو قوتابخانەکە، قوتابی لین موهەنەد ناوی لە زانکۆی ئەنقەرە بەشی دەرونزانی ھاتووەتەوە.
قوتابی یەکەمی سەر قوتابخانەی نێودەوڵەتیی مەعاریف، مەریەم ئومەر لە میانی مەراسیمەکەدا گوتی: "سوپاس بۆ خودا، بە ماندوبوونی قوتابخانەکەم و کۆششی خۆم توانیم بە پلەیەکی بەرز سەربکەوم و ناوم لە کولێژی پزیشکیی حاجەتەپە لە تورکیا تۆمار بکەم و لەوێ درێژە بە خوێندن بدەم".
مەریەم عومەر ئامۆژگاری قوتابییانی کرد و گوتی: "ھەمووتان دەتوانن سەرکەوتوو بن، ھەرگیز مەترسن تەنها سترێس و ترس ئێوە بەپاش دەخات ئەوەی بۆ ئێوەی قوتابی پێویستە تەرکیزکردنە لەسەر خوێندن. ھەمیشە لەگەڵ خۆتان ئەرێنی بن و بیرى خراپ لە مێشکتان بسڕنەوە".