Zana Natık Kerem
04 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 04 ئەیلوول 2022
ھەولێر ــ AA
ئەمڕۆ یەکشەممە چواری ئەیلوولی ٢٠٢٢، پێشانگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان و ئاسایشی ئەلیکترۆنی، بەچاودێری سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەهاوکاری راوێژکارێتیی ئاسایشی نەتەوەیی و دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە بەغدا کرایەوە.
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی لە میانی کردنەوەی پێشانگاکەدا، رایگەیاند کە پێشانگاکە بە ئامانجی سوود وەرگرتن لە شارەزایانی جیھانیی بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی ھێزە ئەمنییەکان کراوەتەوە و گوتی: "عێراق شکستی بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش ھێناوە، بەڵام ھێشتا پاشماوەکانی رێکخراوەکە ماون".
ئاماژەی بەوەیشدا، داعش و ماددەی ھۆشبەر دوو ئاڵنگاریی گەورەن کە بەرەوڕووی عێراق بوونەتەوە.
باسیشی لە ھاریکارییەکانی نێوان عێراق و ناتۆ کرد لەڕووی پیشەسازیی سەربازیی و گوتی: "پێویستە دەستەی پیشەسازیی سەربازیی سوود لە ئەزموونی ئەو دۆستانە وەربگرێت کە لە شەڕی دژبە داعش پاڵپشتیان لە عێراق کردووە".
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی هەروەها ئەوەی بێرھێنایەوە کە عێراق، وڵاتێکی گرنگە لە ناوچەکە.
پێشانگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان و ئاسایشی ئەلیکترۆنی یەکەمجارە لەسەر ئاستی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا لە بەغدا دەکرێتەوە و ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان تیایدا بەشدارن و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.