Zana Natık Kerem
26 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 26 ئاب 2019
بەغدا ــ AA
وەزیری دەرەوەی عێراق، محەمەد عەلی حەكیم رایگەیاند كە رێوشوێنی دیپلۆماتی و یاسایی دەگرنەبەر بۆ رێگریكردن لە دەستوەردان لە كاروباری عێراق.
محەمەد عەلی حەكیم لە بەغدا بەجیا لەگەڵ هەریەك لە باڵیۆزی بەریتانیا، جۆن وێڵكس و هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا، یورخن مولەر و هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی فەڕەنسا، جان نۆبڵ كۆبوویەوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەبارەت بە ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە لەو كۆبوونەوانەدا وەزیری دەرەوە، محەمەد عەلی حەكیم رایگەیاندووە كە حكوومەت هەموو بژاردە دیپلۆماتی و یاسایی كردووەتە كاری لەپێشنەی بۆ ئەوەی رێگری بكات لە دەستوەردان لە كاروباری عێراقدا.
بەپێی راگەیەندراوەكە لە كۆبوونەوەكاندا، وەزیری دەرەوەی عێراق خواستی خۆی نیشانداوە بۆ هاوكاریكردن لە پێناو بەدیهێنانی ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەكەدا و جەختیكردەوە كە عێراق لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە هاوبەشەكان پەیوەندیییەكانی لەگەڵ وڵاتاندا دادەمەزرێنێت.
وەزیری دەرەوەی عێراق، محەمەد عەلی حەكیم ئەوەشی گوتووە "لەم قۆناغەی ئێستادا ناوچەكە رووبەڕووی بەرەنگاری بووەتەوە و پێویستە لەسەر هەمووان بۆ هێركردنەوەی رەوشەكە پەنا بۆ گفتوگۆ ببەن و رێگەش نەدرێت دەست وەردرێتە كاروباری وڵاتان".