Heman Hussein Yaseen
15 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 15 مای,س 2023
هەولێر - AA
پێنجەمین کۆنفراسی لالش بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان لەژێر ناونیشانی 'مافی دادپەروەری گشتگیر بۆ رزگاربووانی توندوتیژی سێکسی لەکاتی شەڕ و ململانێیەکاندا' بەڕێوەچوو.
کۆنفرانسەکە بە ھاوبەشی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان، رێکخراوی ئێمە بۆ گەشەپێدانی مرۆیی، میدیکا مۆندیال-ئەڵمانیا، و گرووپی ئاشتی ژنانی سەرکردە لە کوردستان بەڕێوەچوو کە تیایدا چەندین میوان و رێکخراوی بیانی بانگهێشتکرابوون بۆ لە نزیکەوە ئاشنابوون بە دۆخی رزگاربووانی توندوتیژی سێکسی لە کاتی شەڕ و ململانێیەکاندا.
لە کۆنفرانسەکەدا چەند پانێڵێک خرانەڕوو کە تیایاندا باس لەو منداڵ و دایکانە کرا کە رووبەڕووی دەستدرێژی سێکسی بوونەتەوە لەلایەن تیرۆریستانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ بەدواوە کە بەهۆیەوە چەندین منداڵ لەدایک بوون و تا ئێستاش چەندین کێشەی یاساییان هەیە چونکە ناسنامە و رەگەز و ئایینی باوکی منداڵە لە دایکبووەکان نادیارە.
هەرچەندە لەلایەن جڤاتی رۆحانی ئێزدییانەوە هەوڵدراوە ژنان و منداڵانی ئێزدیی رزگاربووی ژێردەستی گرووپە چەکدارەکانی داعش تێکەڵ بە خێزان و کۆمەڵگا بکرێنەوە و ژیانێکی ئاسایی بژین، بەڵام تا ئێستاش چەندین کێشە رووبەڕووی دایک و منداڵەکان بوونەتەوە.
بەرپرسی سەنتەری دیراسات و توێژنەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، چنار سەعد عەبدوڵڵا وەک بەشداربوویەکی کۆنفڕانسەکە کە ئەنجامی هەندێک راپرسی و توێژنەوەی لەمبارەیەوە خستبووەڕوو، ئاماژە بەوە دەکات کە بەشێکی زۆر لە رزگاربووان هەست بە فشارێکی زۆر دەکەن لەلایەن دەوروبەر و کۆمەڵگاوە، هاوکات ئەوەش دەخاتەڕوو کە بەشێکی زۆری دیکەش بەهۆی نا ئاسوودەییەوە کێشەی خەوتنیان هەیە و ئەمەش کاریگەری لەسەر دەروونی کەسەکە دروست دەکات.
چنار سەعد عەبدوڵڵا لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەوەی لە ئەنجامی راپرسییەکە بۆمان دەکەوتووە بریتییە کە بەشێکی زۆر لە رزگاربووان لەئێستادا لە ژیانی خۆیان رازی نین، بەشێکی دیکەی قوربانییان لە رووی دارایییەوە کێشەیان هەیە و باری داراییان خراپە، بەشێکی زۆری قوربانییان باسی ئەوە دەکەن کە شەوانە ناتوانن باش بخەون و ئاسوودەییان کەمە، بەشێکیان هەست دەکەن لەلایەن دەوروبەر و کۆمەڵگاوە لەژێر فشاردان، ژمارەیەکی بەرچاو داوا دەکەن وڵات جێبهێڵن و لە دەرەوە بژین، هاوکات داوای ئەوەش دەکرێت کە ئەوانەی لەژێر دەستی داعش ماونەتەوە، هەوڵی رزگارکردنییان بدرێت".
گوتیشی: "هەرچەندە دڵنیام کاری باش کراوە، بەڵام جەنگ وێرانی بەجێدەهێڵێت، بۆیە هەرچەندە پلانمان هەبێت بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخەکە رەنگە کەم بێت".
هاوکات ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان و گەشەپێدان، خانزاد ئەحمەد ئاماژە بەوە دەکات کە پەیوەندییەکانی باشیان لەگەڵ دامودەزگا فیدراڵییەکان هەیە و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە راسپاردەکانی ئەم کۆنفرانسە لە پلانی ئەنجوومەنەکەیان رەنگ دەداتەوە.
خانزاد ئەحمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بابەتی رزگاربووان یەکێکە لە بابەتە سەرەکەییەکان کە گرنگییەکی زۆرمان پێیداوە و بەردەوام لە پەیوەندییەکی راستەوخۆداین و گوێمان بۆ گرتوون، هەروەها پەیوەندییەکانی باشمان لەگەڵ دامودەزگا فیدراڵییەکان هەیە لە بەغدا، بۆیە لە پلانەکانی خۆمان ئەو خواست و پێشنیازانەی رزگاربووان رەنگدانەوەی هەبووە".
گوتیشی: "جگە لە زیاتر گرنگییدان بە کەمپەکان، هاوکات ئەمڕۆش زیاتر گوێ لە راسپاردەکان دەگرین بۆ ئەوەی لەناو بەرنامەی خۆمان بیگونجێنین، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر گرنگە لەم جۆرە کۆنفرانسانە شەفافییەت هەبێت و راستگۆیانە باس لە بابەتەکان بکرێت، نەک تەنیا سۆزی خەڵک بجوڵێندرێت و رێکخراوێک فەندێکی پێ وەربگرێت، بۆیە باش بوو کە زیاتر بە زانستی و شەفافتر باس لە بابەتەکان بکرێت هەر بۆیەش ئەم کۆنفرانسەمان ئەنجامدا".
ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان و گەشەپێدان ئاماژە بە رۆڵی رێکخراوە بیانییەکان دەکات و ئەوەش دەخاتەڕوو کە بە مەبەستی وەرگرتنی ئەزموون لێیانەوە، سەردانی چەند وڵاتێکیان کردووە.
خانزاد ئەحمەد گوتیشی: "بوونی رێکخراوە بیانییەکان لێرەدا بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکانە و ئەوان چەندین ساڵ پێش ئێستا رووبەڕووی ئەو حاڵەتە بوونەتەوە، ئێمە پارساڵ چووینە وڵاتەکان بینیمان ئەوان چۆن لەگەڵ بابەتەکان و راستییەکان مامەڵە دەکەن و بە چ شێوازێک مامەڵە لەگەڵ رزگاربوواندا دەکەن و مافەکانییان دەستەبەر دەکەن، ئەو کەموکوڕییەی ئەوان هەیانبووە، ئێمە دووبارەی ناکەینەوە".
هەرچەندە تا ئێستا ژمارەی قوربانییانی ئەو ژنە و منداڵانە نازانرێت کە کەتوونەتە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش، بەڵام زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە نزیکەی سێ هەزار ئێزدی کە ژن و منداڵن و پێشتر لەلایەن داعش رفێندراون تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.