Sarmand Hameed
22 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 23 نیسان 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی بەبۆنەی سەد و بیست و سێیەمین ساڵیادی دەرچوونی یەكەمین رۆژنامەی كوردی كە هاوكات رۆژی رۆژنامەگەریی كوردی و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانە، پیرۆزبایی لە رۆژنامەنووس و میدیاكارانی كوردستان کرد.
لە پەیامەکەی مەسعود بارزانی هاتووە "رۆژنامەنووس و میدیاكاران ئەركی هۆشیاركردنەوە و گەیاندنی زانیاری بە كۆمەڵگەیان لەسەر شانە كە لە راستیدا ئەركێكی پیرۆز و هەستیارە و رۆژنامەنووسان رۆڵێكی گرنگیان لە ئاراستەكردنی رای گشتی و پێشخستنی كۆمەڵگەدا هەیە".
سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان جەختی لە پیرۆزی کاری راگەیاندن کردووەتەوە و رایگەیاندووە "پێویستە راگەیاندن و رۆژنامەگەریی كوردی چەكێكی بەهێز بێت لە دەستی گەلی كوردستان بۆ بەرگریكردن لە مافە رەواكانی میللەتەكەمان و هەورەها ناساندنی دۆزی رەوای گەلەكەمان بە هەموو جیهان و لە هەمانكاتیشدا سەكۆی قووڵتركردنەوەی فەرهەنگی ئاشتیخوازی و پێكەوەژیان و مرۆڤدۆستی بێت".
مەسعود بارزانی داوای لە رۆژنامەنووسان کردووە رووبەڕووی ئەو تەوژم و هێرشییە ئیعلامییە ببنەوە کەدژبە ئیرادەی کورد بەڕێوەدەچێت و نووسیوویەتی "داوام لە رۆژنامەنووسانی خۆشەویست ئەوەیە کە رووبەڕووی ئەو تەوژم و هێرشە رێکخراوە ئیعلامییە ببنەوە کە بۆ دژایەتیکردنی ئیرادەی گەلی کوردستان لەلایەن ناحەزانی گەلی کوردستان بەڕێوە دەچێت".
سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان هاوکات داوای کردووە کە رۆژنامەنووس و میدیاكاران و دەزگاكانی راگەیاندن ئەرکەکانیان لە چوارچێوەی پێوەرەكانی رۆژنامەگەریی پڕۆفیشناڵ و میسداقییەت و راستگۆیی و بەلەبەرچاوگرتنی بەها و بەرژەوەندییە باڵاكانی وڵات ئەنجام بدەن.