Fakhradin Ibrahim Mohammad
14 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2022
هەولێر - AA
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی رایگەیاند، پێویستە حکوومەتی عێراق قەرەبووی کەسوکاری قوربانییانی تاوانی ئەنفال بکاتەوە.
مەسعود بارزانی لە یادی ٣٤ ساڵەی ئەنفالدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە.
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان نووسیوویەتی "تاوانی ئەنفال یەکێکە لە نامرۆڤانەترین و تاریکترین قۆناغەکانی دەوڵەتی عێراق لە سەدەی رابردوو کە ئامانج لێی لەناوبردن و تواندنەوەی گەلی کوردستان بوو".
مەسعود بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە و ئەرکی حکوومەتی عێراقە، قەرەبووی ئەو تاوانە گەورەیە بکات کە لە دژی گەلی کوردستان ئەنجام دراوە.
رژێمی پێشووی عێراق لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، بە هەشت قۆناغ ئەنفالی لە دژی کورد لە عێراق ئەنجام دا کە بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، ئەو پرۆسەیە ١٨٢ هەزار قوربانی لێکەوتووەتەوە.