Rawan Subhi Obaidullah
14 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 15 نیسان 2022
دھۆک - AA رەوان سوبحی
بە پێی قسەی بەرپرسی رێکخراوی ٨٨ی ناساندنی تاوانەکانی ئەنفال لە شاری دھۆک، سەرۆکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی بەڵێنەکەی پارسالی بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوانی بادینان کە لە قەڵای نزارکێ پێانی دابوو نەیتوانی جێبەجێی بکات.
خەلیل عوسمان کە ٨ ساڵە رێکخراوی ٨٨ی ناساندنی تاوانەکانی ئەنفالی دامەزراندووە، لە دیدارێکی دا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ دەڵێت: "تەمەنم نۆ ساڵ بوو کاتێک باوکم لە بەرچاوم لە قەڵای نزارکێ لە ساڵی ١٩٨٨ لەگەل ٤٣ لە گوندشینەکانمان ئەنفالکران. بۆیە رێکخراوی ٨٨ی ناساندنی تاوانەکانی ئەنفالم لە پارێزگای دھۆکم دامەزراند بەمەبەستی خزمەتی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان، ھەروەھا تاوانی ئەنفال بە جیھان بناسێنین، توانیومانە زۆرێک لەو پاشماوانەی کە رژێمی بەعس خەڵکی پارێزگای دھۆکی پێ ئەنفالکرد لە قەڵای نزارکێ کۆبکەینەوە، ئێستاش کتێبێکمان گەیاندووە قۆناغی چاپکردن کە ناوی ھەموو تاقانەکانی ئەنفالی تێدایە و چیرۆکی نھێنی مەرگەساتیان باسکراوە و ھەموو سالێک یادی ئەنفال بە چالاکی جیاواز زیندوو دەکەین".
بەڕێوەبەری رێکخراوی ٨٨ی ناساندنی تاوانەکانی ئەنفال لە پارێزگای دھۆک گوتی: "ئێمە بەردەوام گۆشار لە نوێنەرانی کورد، ھەروەھا کەسانی پەیوەندیدار لە عێراق دەکەین بۆ ئەوەی مافی کەسوکاری ئەنفالکراوانی بادینان نەخورێت و قەرەبوو بکرێنەوە، چونکە لە بڕِیاری ٢٦ی ساڵی ٢٠٠٨ ی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق و مادەی ١٣٢ی دەستووری عێراقدا ھاتووە، دەبێت حکوومەتی عێراق پابەند بێت بە قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا ئەم یاسایە و ئەو بەندەی دەستوور جێبەجێ نەکراوە".
خەلیل عوسمان باسی سەردانی پارساڵی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ قەڵای نزارکێی کرد و گوتی: "١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢١ سەرۆکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی سەردانی قەڵای نزارکێ لە سەنتەری شاری دھۆکی کرد، قسەی لەگەل زۆرێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوانی بادینان کرد و ئاماژەی بەوەدا کە خۆی کاری زۆری کردووە لەسەر بەڵگەنامەکانی بەعس تایبەت بە ئەنفال و شارەزاییەکی گەورەی لە بواری ئەنفالدا ھەیە. ئێمە یاداشتێکمان دا بە کازمی بۆ ئەوەی داواکارییەکانی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان جێبەجێ بکات، بەڵام بەداخەوە ئەویش ھیچی نەکرد، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکەکانی عێراق یەک شەقامی گوندی ئەنفالکراوەمانی قیرتاو نەکردووە، کە چی قەرەبووی مادی خەڵکی کوێتی کرد".
پرۆسەی ئەنفال لە ھەشت قۆناغ پێکھاتووە، قوناغی ھەشتەم و کۆتایی لە دھۆک بوو، کە لە ٢٥ی ئابی ١٩٨٨ تا ٦ی ئەیلوولی ١٩٨٨ بەردەوام بوو. بە پێی قسەی خەلیل عوسمان دژوارترین ئەنفال ھی بادینان بوو، لەبەر ئەوەی شەڕِی عێراق - ئێران کۆتایی ھاتبوو و حکوومەتی عێراق ھەموو ھێزی لەشکری و ئاسمانی بەشداری پێکرد، کە زیاتر لە ٦٠٠ گوندی پارێزگای دھۆک سووتێنران و زیاتر لە سێ هەزار کەس راستەوخۆ بەھۆی ھێرشی رژێمی بەعس ئەنفالکران یانیش بەھۆی کۆچکردن گیانیان لەدەست دا.
خەلیل عوسمان گوتیشی: "تاکو ئێستا تەنھا رووفاتی ١٣ ئەنفالکراوی بادینان دۆزراونەتەوە و لە ساڵی ٢٠١٨ لە قەڵای نزارکێ بە خاک سپێردراون".
بەڕێوەبەری رێکخراوی ٨٨ی ناساندنی تاوانەکانی ئەنفال لە پارێزگای دھۆک باسی لەوەشکرد "تاوەکو ئێستا مۆنۆمێنتی ئەنفالکراوانی بادینان دروست نەکراوە، کە پێویست بوو پەلەی لێ بکرێت و ئەم خەمساردیە بۆ ساڵانی رابردووی کارگێری پارێزگای دھۆک دەگەڕێتەوە".