Heman Hussein Yaseen
16 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2022
هەولێر - AA
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی بەبۆنەی ساڵیادی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە لەلایەن رژێمی بەعس لە عێراق، پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئاماژەی بەوە داوە کە لە یادی ٣٤ ساڵەی شەھیدکردنی ھەڵەبجەدا دووپاتی دەکەنەوە، ئیرادەی گەلی کوردستان لە چەکی کیمیایی، فڕۆکە و مووشەک بەھێزترە.
مەسعود بارزانی نووسیوویەتی "دوژمن ھەڵەبجەی کیمیاباران کرد، بەڵام ئازادیخوازیی گەلی کوردستان ھەر زیندوو مایەوە. لە یادی ٣٤ ساڵەی شەھیدکردنی ھەڵەبجەدا دووپاتی دەکەینەوە کە ئیرادەی گەلی کوردستان لە چەکی کیمیایی، فڕۆکە و مووشەک بەھێزترە".
٣٤ ساڵ لەمەوبەر، کاتژمێر ١١:٠٥رۆژی ١٦ی ئاداری ١٩٨٨، فڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی بەعسی عێراق شاری ھەڵەبجەیان بە گازی کیمیایی بۆردومان کرد و بەھۆیەوە زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتیی مەدەنی شەھیدبوون و ژمارەیەکی زۆری دیکەش برینداربوون.