Heman Hussein Yaseen
09 نیسان 2026•نوێکردنەوە: 09 نیسان 2026
کۆنسوڵی گشتی تورکیا لە ھەولێر، ئەرمان تۆپچو و پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
پارێزگای ھەولێر بڵاویکردووەتەوە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو پێشوازیی لە کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە ھەولێر ئەرمان تۆپچوو کرد.
ئەوە خراوەتەڕوو کە: "لە دیدارەکەدا، دوایین پەرەسەندنە سیاسیەکانی ناوچەکە بەگشتی و برەودان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوولا باسیان لێوەکرا و کۆنسوڵی تورکیا لەھەولێر، ھاوخەمی و سەرەخۆشیی خۆی بۆ شەھیدانی بۆردوومانە ناڕەواکانی ئەم دواییەی سەر ھەولێری پایتەخت دەربڕی و ھیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران و گەڕانەوەی ئارامی و ئاشتی بۆ ناوچەکە خواست".
ئاماژە بەوەشکراوە: "پارێزگاری ھەولێر سوپاسی ھەڵوێستەکانی کۆماری تورکیا و کۆنسوڵخانەی وڵاتەکەی لە ھەولێر کرد بۆ ھاوسۆزی و ھاوخەمیان".
بەپێی بەشێکی ھەواڵەکە، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، کە تایبەت بووە بە میکانیزمی نوێی وەرگرتنی ڤیزا، کۆنسوڵی گشتی تورکیا ڕوونکردنەوە و بەرچاوڕوونیداوە کە گۆڕانکارییەکان تەنھا لە ئاستی کۆمپانیای جێبەجێکاردا بووە و ڕێکارەکان وەک خۆیان ماونەتەوە و ھیچ گۆڕانکارییەک لە پێدانی ڤیزا نەکراوە، ھاوکات ھەردوولاش جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ھەماھەنگیی کردووەتەوە.