Zana Natık Kerem
26 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 27 حوزەیران 2019
بەغدا ــ AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر رایگەیاند کە دەیانەوێت کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا درێژەیان ھەبێت و پێداگیری دەکەین لەسەر چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان.
عادل عەبدولمەھدی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لەبارەی چەند رۆژەڤێکەوە دوا.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی سەبارەت چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر دوا و گوتی: "بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان، درێژە بە کۆبوونەوەکانمان دەدەین لەگەڵ ھەرێمی کورستاندا".
عادل عەبدولمەھدی بە پێویستی زانی کەوا ھەرێمی کوردستان، داھاتی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا رادەستی حکوومەتی فیدرال بکات و جەختیکردەوە کە گرنگە ھەمووان پابەندی یاسای بوودجە بن.
بەپێی یاسای بوودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩ لەبەرامبەر رادەستکردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا لە لایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بە کۆمپانیای (سۆمۆ)، حکوومەتی فیدرال مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان رەوانە دەکات.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی بەشێکی قسەکانی بۆ تەواوکردنی کابینەی حکوومەتەکەی تەرخان کرد و گوتی: "ئەمڕۆ چوارشەممە یان سبەی پێنجشەممە، ناوی کاندیدی وەزارەتی پەروەردە پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەران دەکەین".
رۆژی دووشەممەی رابردوو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، نەجاح شممەری بۆ پۆستی وەزیری بەرگریی و یاسین تەھا حەسەن یاسری بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ، فاروق شوانی بۆ پۆستی وەزیری داد پەسەند کرد، بەڵام سەفانە حەمدانی بۆ پۆستی وەزیری پەروەردە رەتکردەوە.