Heman Hussein Yaseen
12 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 13 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا، پاڵپشتی خۆی بۆ پرۆسەی چاکسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی راگەیاند.
دوای ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە، پڕۆژەیاسای چاکسازی رەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرد، یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردووە کە تیایدا هاتووە "وێڕای پشتگیری تەواومان بۆ ھەنگاوە پراکتیکییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەڵمەتی دژی گەندەڵیدا، بە پێویستی دەزانین کە بە سەرجەم ھاووڵاتییانی کوردستان رابگەیەنین کە شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام بە ھەموو شێوەیەک دژبە ھەموو جۆرە گەندەڵی و فەسادێکە لە کۆمەڵگادا".
لە بەیاننامەکەی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان جەخت لەوەکراوەتەوە کە ئایینی ئیسلام، غەشکردن، فێڵکردن، ساختەکاری، ماڵسپیکردنەوە، چەواشەکردن، بەرتیلدان، مووچەی بندیوار، خانەنشینی نایاسایی، دزیکردن، داگیرکاری لە موڵکی گشتی، سیمکردنی موڵکی دەوڵەت، ئیستیغلال (خراپ بەکارھێنان)ی پلە و پایە و پۆست و وەزیفەی قەدەغەی حەرام کردووە.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان داوا لە دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان دەکات کە بێ خاترانە و چاوپۆشیکردن لە ھیچ کەس و لایەنێک بەکاری پێویست ھەڵبستن و گەندەڵی نەھێڵن و راشیدەگەیەنن کە ئەرکی حکوومەتە رێکاری یاسایی بگرێتەبەر و لەھەمان کاتیش ئەرکە لە داھات و پرۆژە و خەرجی و وەبەرھێنان و گرێبەستەکان شەفافتر بێت.
یەکێتی زانایان ئەو ھەنگاوەی حکوومەت بە ئامانجێکی نیشتمانی و ئەرکێکی ئایینی و نەتەوەیی گرنگ دەزانێت رایدەگەیەنێت کە پشتگیری تەواوی ھەنگاوە چاکسازییەکان دەبین و داواش لە پەرلەمانی کوردستان و دەزگا مەعنی و ئیداریەکان و لایەنە سیاسیەکان و تەواوی ھاووڵاتییان دەکات ھاوکار و پشتیوان بن".
لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیراندا بەکۆی دەنگ، پرۆژەیاسای چاکسازی پەسەندکرا و ئەمڕۆش رەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرا و بڕیارە رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە کۆببێتەوە.