Heman Hussein Yaseen
12 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
پڕۆژەیاسای چاکسازی کە دوێنێ چوارشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان پەسندکرا، ئەمڕۆ ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کرا.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بڵاویکردەوە، پڕۆژەیاسای چاکسازی لەلایەن وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان، ڤالا فەرید گەیەنرایە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و بڕیارە رۆژی دووشەممە پەرلەمانی کوردستان بەمەبەستی ئەنجامدانی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژەیاساکە، دانیشتنی ئاسایی ئەنجام بدات.
دوێنێ ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتیی سەرۆكوەزیران، مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی کۆبووەوە و لە دوای گفتوگۆیەکی تێروتهسهل، پڕۆژە یاسای چاکسازیی بە کۆی دەنگ پەسەندکردبوو.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی رەشنووسی پڕۆژە یاسای چاکسازیی لە خانەنشین، مووچە، دەرماڵە، بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە ھەرێمی کوردستان کرابوو کە بەشێکە لە بەرنامەی گشتگیری چاکسازیی لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.