Dilşad Seyfeddin Ahmet
05 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 06 نیسان 2016
لە ژێر چاودێری وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی پارێزگای سلێمانی رێوڕەسمێكی تایبەتی رێزلێنانی بۆ ژمارەیەك لە مامۆستایان و گوتارخوێنانی ئایینی سنووری پارێزگای سلێمانی ساز كرد.
لەو رێورەسمەدا كە لە هۆڵی مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، تێیدا ژمارەیەكی زۆر لە مامۆستایانی ئایینی و بەرپرسانی وەزارەتی ئەوقاف ئامادە بوون و گوتاری وەزارەتی ئەوقاف و مامۆستایانی ئایینی بەو بۆنەیەوە پێشكەش كرا و رۆڵی مامۆستایانی ئایینی لە رووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەوی داعشدا بەرز نرخێندرا.
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ئەوقافی سلێمانی فەرەیدون غەریب لەو بارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ هەستاین بە بەخشینی خەڵاتی رێزلێنان بەو مامۆستا ئایینیانەی سنووری پارێزگای سلێمانی كە رۆڵی گەورەیان هەبووە لە هۆشیاركردنەوە و راستكردنەوەی هەڵەكان و رووبەڕووبوونەوەی بیر و فكری توندوتیژی و كردەوەكانی داعشدا".
ئەو گوتی: "ئەو هەوڵەی وەزارەتی ئەوقاف بۆ رێزلێنان لە هەوڵ و كۆششی مامۆستایانی ئایینی درێژەی دەبێت، ئەمڕۆ لە وەجبەی یەكەمدا خەڵاتی رێزلێنان بەسەر 120 مامۆستای ئایینی و گوتاربێژی مزگەوتەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی دابەش كرا، لە داهاتوودا لە وەجبەی دووەم و سێیەم بەهەمان شێوە خەڵاتی رێزلێنان بە پۆلێك مامۆستای ئایینی دیكە دەبەخشرێت".
بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی ئەوەشی گوت "لە پاڵ ئەو ئەركە ئایینییەی مامۆستایانی ئایینی لە ئەركەكەی خۆیان دەیبینن لە مزگەوتەكاندا، ئەركێكی تریش دەبینن كە رووبەڕووبوونەوەی فیكر و بیری توندوتیژی و توندڕەوی و هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییان و ئاگاداركردنەوەیانە لەو كردەوە تیرۆریستیانەی داعش و گرووپەكانی تری هاوشێوەی دەیبینن لە ژێر ناوی ئایینی ئیسلامكدا، كە هەر ئەو گرووپانە لە رابردوو ئێستاشدا گەورەترین ستەمیان لە نەتەوەی كورد كردووە لە ژێر پەردەی ئاییندا".
لەلای خۆیانەوە مامۆستایانی ئاینی بەشداری رێوڕەسمەكە ئاماژەیان كرد بە رۆڵی مامۆستایان لە بڵاوكردنەوەی بیری میانڕەوی و رووبەڕووبوونەوەو رەتكردنەوەی بیری توندوتیژی و توندڕەوی و راستكردنەوەی ئەو هەڵە و تاوانانەی داعش بە ناوی ئایینی ئیسلامەوە ئەنجامیان دەدات.
بە گوێرەی ئامارێكی فەرمانگەی ئەوقافی سلێمانی لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا نزیكەی دوو هەزار مزگەوت و سێ هەزار ئیمام و گوتاربێژ هەیە، لە زۆربەی ئەو مزگەوتانەشدا هەفتانە نوێژی هەینی و گوتاری هەینی لەلایەن گوتاربێژەكانەوە پێشكەش دەكرێت.