Ahmet Furkan Mercan
17 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 18 نیسان 2021
تۆکیۆ- AA
سەرۆکی کۆمیتەی رێکخستنی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاتی تۆکیۆ، هاشیمۆتۆ سەیکۆ، ئەوەی ئاشکرا کرد کە بەهۆی پەتای کۆرۆنا یارییەکانی ئۆڵۆمپیات هەڵناوەشێنەوە.
هاشیمۆتۆ، لە میانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی لە لێدوانی بەرپرسێکی پارتی دیموکرات ئازادی دەسەڵاتدار کرد کە گوتبووی "لە حاڵەتی بەردەوامبوونی پەتاکەدا ئەگەر هەیە یارییەکانی ئۆڵۆمپیات هەڵبوەشێنەوە".
سەرۆکی کۆمیتەی رێکخستنی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاتی تۆکیۆ، ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئاگاداری نیگەرانییەکانی خەڵکن لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیات و ئەگەری زیادبوونی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا، بەڵام کۆمیتەی رێکخستن پلانی نییە یارییەکان هەڵبوەشێنێتەوە.
هاشیمۆتۆ، باسی لەوەش کرد کە کۆمیتەی رێکخستن هەوڵدەدات یارییەکان بە لەبەرچاوگرتنی مەرجەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجامبدرێن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە سکرتێری گشتی پارتی دەسەڵاتداری ژاپۆن، تۆشیهیرۆ نیکای لە میانەی لێدوانێکیدا بۆ کەناڵێکی ناوخۆی وڵاتەکەی ئاماژەی بەوەدا بوو کە بۆ رێگری کردن لە هەڵکشانی زیاتری ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا ئەگەر هەیە یارییەکانی ئۆڵۆمپیاتی تۆکیۆ هەڵبوەشێنەوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە پێشتر بڕیاربوو یارyیەکانی ئۆڵۆمپیاتی تۆکیۆ ٢٤ی تومووز- نۆی ئابی ٢٠٢٠ بەڕێوەبچن بەڵام بەهۆی پەتای کۆرۆنا یارییەکان بۆ ٢٣ی تەمووز- هەشتی ئابی ٢٠٢١ دواخران.