Mutlu Demirtaştan
31 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 05 کانوونی دووەم 2023
ئیستانبوڵ - AA
یانەی نەسری سعوودی ئەستێرەی پرتوگالی، کریستیانۆ رۆناڵدۆی گواستەوە بۆ ناو یانەکەی.
لەو بارەیەشەوە یانەی نەسر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەووە و تیایدا واژووکردنی گرێبەستێکی لەگەڵ رۆناڵدۆ راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیاندنەکانی سعوودیە، گرێبەستەکە تا ساڵی ٢٠٢٥ بەردەوام دەبێت و مووچەی ساڵانەی ئەو یاریزانە پرتوگالییەش ٧٥ ملیۆن یۆرۆ دەبێت. داهاتی ساڵانەی رۆناڵدۆ بە گرێبەستە بازرگانییەکانەوە دەگاتە نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن یۆرۆ.
کریستیانۆ رۆناڵدۆی تەمەن ٣٧ ساڵ، کە سەرەتا لە یانەی سپۆرتینگ لیزبۆن، دەستی بە یاری کرد، دواتر چووە یانەی مانچستەر یونایتد، دواتریش بووە یاریزانی یانەکانی ریاڵ مەدرید و یوڤەنتوس. لە ساڵی ٢٠٢١دا جارێکی دیکە گەڕایەوە ریزەکانی یانەی مانچستەر یونایتد بەڵام دوای دەمەقاڵێی لەگەڵ بەڕێوبەری تەکنیکی یانەکە، ئەریک تێن هاگ، گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچستەر هەڵوەشاندەوە.
ئەو یاریزانە پرتوگالییە لە مێژووی وەرزشی خۆیدا پێنج جار خەڵاتی یاریزانی ساڵ (باڵۆن دۆر)ی بەدەستهێناوە، هەروەها زیاتر لە ٣٠ جار جامی پاڵەوانێتییەکانی یانە پلە یەکەکانی ئەورووپا، ئینگلتەرا، ئیسپانیا و ئیتاڵیای بەرز کردووەتەوە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ تا ئێستا زیاتر لە ٨٠٠ گۆڵی تۆمار کردووە و تاکە یاریزانە کە توانیویەتی لە پێنج مۆندیالدا گۆڵ تۆمار بکات، بە درێسی هەڵبژاردەی پرتوگالەوە بەشداری ١٩٦ یاری کردووە و ١١٨ جار گۆڵی تۆمار کردووە.