ئانادۆڵو
مێژووی چەکی کیمیایی و بەکارھێنانی دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی جیھانی یەکەم کە سوپای ئەڵمانیا لە ساڵی ١٩١٥ دا گازی کلیۆرین ی زەرد و سەوزی بەکارھێنا و بەمەش کاری کردە سەر(سی)ی سەربازە فەرەنسییەکان و سەدان سەرباز گیانیان لەدەستدا.
لەجەنگی جیھانی دووەمیشدا دوای ئەوەی لەلایەن زانای ئەمریکی (لویس فیس) مادەیەک دۆزرایەوە بەناوی (ناپاڵم) کە لە شێوەدا لەبەنزین دەچێ، دواتر سوپای ئەمریکا لەجەنگدا ساڵی ١٩٤٣ لەدژی ژاپۆن بەکارھێنراو زیاتر لە ١٠٠ ھەزار کەس بەھۆیەوە گیانیان لەدەستدا، ھەروەھا سوپای ئەمریکا ئەو جۆرە چەکەی لەشەڕی ڤێتنامیشدا بەکارھێنا.
مادەی( ئەیجنت ئۆرەنج) کە بە گەڵاوەرێن ناوی دەرکردووە، یەکێکی دیکەیە لە مادە ساممەکان کە لەجەنگەکاندا بەکار ھێنراوە، ئەو مادە کیمیاییە لەلایەن سوپای ئەمریکا لە ساڵی ١٩٦٧ بەکار ھات لەدژی ڤێتنام، مادەکە بۆماوەی دە ساڵ زیاتر لە لەشی مرۆڤدا دەمێنێتەوەو تێکەڵ بە مادەی سامی دیۆکسین دەبێ.
لە ساڵی ١٩٨٣ دا لەجەنگی ئێران و عێراقدا، گازی سارین کە ئەویش ماددەیەکی دیکەی ساممە بەکارھێنرا. ئەو مادەیە لەلایەن زانایەکی ئەڵمانییەوە دۆزرایەوە .
ئەم مادەیە لەلایەن ڕژێمی سەددام حوسێن لە ساڵی ١٩٨٨ دا دژی خەڵکی ھەڵەبجە بەکارھات و زیاتر لە ٥ ھەزار کەس بەھۆیەوە گیانیان لەدەستدا و ٧ ھەزاری دیکەیش برینداربوون .
دواجار گازی سارین لە ھێرشێکی تیرۆریستیدا لەیەکێ لەوێستگەی میترۆکانی تۆکیۆدا بەکارھات و بەھۆیەوە ١٢ کەس گیانیان لەدەستداو بەسەدان کەسی دیکەیش برینداربوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە، راگەیەنرا سوپای سوریا لەرۆژھەڵاتی شاری دیمەشق بۆمبی کیمیایی بەکارھێناوەو سەدان کەس لەژن و منداڵی ئەو ناوچەیە گیانیان لەدەستداوەو سەدانی دیکە برینداربوون، پێشتر وا بڵاوکرایەوە لەسوریا بۆمبی کیمیایی لەشەڕو تێھەڵچوونەکانی ئەو وڵاـەدا بەکارھاتووە، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووە بۆ لێکۆڵینەوە لەو دەنگۆیە تیمێکی رەوانەی ئەو وڵاتەکرد.