Rewa Mahmood Hasan
25 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 27 کانوونی یەکەم 2019
سلێمانی - AA
لەدرێژەی کاروچالاکییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو/ بەشی سۆرانی، وەک هەنگاوێکی ئامادەکاری بۆ یادی ١٠٠ ساڵەی دامەزراندنی ئاژانسەکە، بەردەوامە لە زیادکردنی رێژەی بەشداربووان، لەو چوارچێوەیەدا تۆڕی میدیایی ئێستا کە ماوەیەکی کورتە دەستیکردووە بە وەشان، گرێبەستی وەرگرتنی هەواڵ، فۆتۆ و ڤیدیۆی لەگەڵ ئاژانسەکە واژوو کرد.
تۆڕی میدیایی ئێستا کە پێکهاتووە لە دیجیتاڵ میدیا، رادیۆ و سایتەکەش لە بەشی کوردی و ئینگلیزی پێکهاتووە، هاوکات پەڕەیەکی سەرەکییان هەیە، بەناوی تۆڕی میدیایی ئێستا لە بوارەکانی کولتووری، سیاسی، کۆمەڵاتی، ستایڵ، فەرهەنگی، تەندروستی کار دەکەن، لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو گرێبەستی وەرگرتنی هەواڵ و فۆتۆ ڤیدیۆیان واژوو کرد.
لە تۆڕی میدیایی ئێستا چەندین کاری جۆراوجۆری میدیایی ئەنجام دەدرێت، لەوانە راپۆرت، فیچەر، هاوکات بەرنامەیەک هەیە بەناوی ئیشی من کە تایبەتە بەو کەسانەی پیشەوەرن و بژێوی ژیانیان لەسەر ئەو کارەیە، تیایدا لەماوەی سێ خولەکدا هەوڵ دەدەن کەسەکە بناسێنن و لەبارەی پیشەکەیەوە بیدوێنن.
لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بەڕێوەبەر و سەرنووسەری سایتەکە، سامان بەشارەتی رایگەیاند کە تۆڕەکەیان گرنگی دەدات بە رووداوە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کولتووریەکان لە کوردستان و ناوچەکە و جیهاندا.
سامان بەشارەتی ئاماژەی بەوەیشدا کە ئەوان بەنیازن لە داهاتوودا تۆڕەکەیان فراوانتر بکەن.
بەرنامەکانی تۆڕی میدیایی ئێستا بریتیە لە ئیشی من، ستایڵ، یەکگرتە، بەرنامەیەکی سیاسی، بەرنامەیەکی کۆمەڵایەتی.
سامان بەشارەتی ئاشکرای کرد کە ئەوان بەشێوەیەکی پڕۆفیشناڵانە بەشەکانی تۆڕە میدیایەکەیان جیاکردۆتەوە بۆ دیسکەکانی، تەندروستی، وەرزشی، نێودەوڵەتی کە پێنج کەس کاری تیادا دەکەن و هەواڵەکان لە جیهانەوە بە زمانی ئینگلیزی و عەرەبییەوە دەکەنە سەر زمانی کوردی، هاوکات بەشی تەکنیکییان هەیە کە پێکهاتووە لە سێ مۆنتێر و سێ وێنەگری و بەرپرسی IT هاوکات فۆتۆگرافەرێک کە کارەکانی خۆیان دەکەن.
سامان بەشارەتی باس لەوە دەکات کە لە هەریەک لە شارەکانی سلێمانی، هەولێر، کەرکووک، شنگال، سۆران و هەڵەبجە، پەیامنێری تایبەتیان هەیە و رۆژانە بەردەوام هەواڵ و زانیاری و راپۆرت دەنێرن بۆ دەزگاکە.