Dlshad Saifaalddin Ahmed
30 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 31 تشرینی یەکەم 2017
سلێمانی ـ AA
گردبوونەوەکە لە لایەن رێکخراوی یەکێتیی کەمئەندامانی کوردستان لە شاری سلێمانی رێکخرابوو، تیایدا ژمارەیەک لە کەمئەندامان کۆبوونەوە و یاداشتێکی ناڕەزاییان خوێندەوە.
لەو یاداشتەدا کە لە لایەن سکرتێری رێکخراوەکە، سامان حسێن خوێندرایەوە تیایدا ئاماژەی بە ناڕەزایەتی و نیگەرانییەکانی کەمئەندامان کرد بە ھۆی خراپی دۆخی ژیانیان و دواکەوتنی مووچەکانیانەوە.
سامان حسێن گوتی: "حکوومەتێک نەتوانێت ھاووڵاتییەکانی خۆشگوزەران بکات و تەنھا بیر لە خۆشگوزەرانی خۆی بکاتەوە، دەبێت چاوەڕێی چی لێبکەیت، ھەمیشە قەیرانی ئابووری دەدرێت بە گوێماندا، ئەگەر قەیرانە ئەوا بۆچی بۆ بەرپرسەکان و ژمارەی پاسەوان و ئۆتۆمۆبێلە گران بەھاکانیان کەم نەکردەوە، بۆ قەیران رووبەڕووی ئەوان نەبوویەوە، لەبەرچی یەکەمجار کەمئەندامان باجی قەیرانێکی دروستکراو بدەن".
ئەو ئاماژەی بەوە کرد، بە ھۆی دروستکردنی ئەو قەیرانە و دواکەوتنی مووچەکانیانەوە ژیانیان بووەتە دۆزەخ و زۆر بە زەحمەت بژێوی ژیانی رۆژانەیان دەست دەکەوێت.
سکرتێری رێکخراوەکەی کەمئەندامان لە کۆتایدا ھەڕەشەی ئەوەی کرد لە ھەنگاوی دواتریاندا ھەڵوێستی جددیان دەبێت و کەسوکاری کەمئەندامان دەھێننە سەر شەقامەکان و دەست بەخۆپیشاندان و مانگرتن دەکەن.
لە لای خۆیەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئازاد حەمەئەمین پشتیوانی لە داواکارییەکانی کەمئەندامان کرد و ئاماژەی کرد بەوەی بە ھۆی قەیران و دۆخەکەوە، مووچەی فەرمانبەران و کەمئەندامان دواکەوتووە و دۆخێکی دژواری بۆ ئەوان دروست کردووە.