Hemn Baban
17 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 18 کانوونی یەکەم 2016
چه‌ندین تابلۆی هونه‌ری له شیعر و به‌سته و نمایشی ئاڵا و شانۆگه‌ری رێوڕه‌سمه‌كه به‌ڕێوه‌چوو.
١٧ی كانوونی یه‌كه‌می هەموو ساڵێک به رۆژی هەڵکردنی ئاڵا و رۆژی دایك له هه‌رێمی كوردستان دیایکراوە، به‌و بۆنه‌یه‌وه له شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌شێوازی جۆراوجۆر و ئەنجامدانی جالاکی ئه‌و رۆژه به‌رز راده‌گیرێت و به چه‌ندین نمایش و ره‌نگی جیاواز رێز له‌و ئاڵایه ده‌گیرێت.
له په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌مڕۆ به‌و بۆنه‌یه‌وه به ئاماده‌بوونی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، جه‌عفه‌ر ئیمینكی و ژماره‌یه‌ك له په‌رله‌مانتاران و راوێژكاران و فه‌رمانبه‌رانی په‌رله‌مان و چه‌ندین كه‌سایه‌تی و په‌رله‌مانتارانی خولی پێشوو رێوڕه‌سمێك به‌ڕێوه‌چوو.
له‌و رێوڕه‌سمه‌دا وێڕای پێشکەشکردنی چه‌ند وته‌یه‌ك به بۆنه‌ی ئه‌م رۆژه‌وه كه تێیدا هه‌موویان گوزارشتیان له بۆنه‌كه و رێزگرتن له ئاڵای كوردستان و جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر یه‌كێتی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كان و ته‌بایی و گێڕانه‌وه‌ی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی و كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، چه‌ند تابلۆیه‌كی هونه‌ریش نمایش كران.
له‌و رێوڕه‌سمه‌دا شاعیر و روناکبیری كورد خه‌سرۆ جاف به پارچه شیعرێك ئاماده ببوو و تێیدا شیعرێكی پێش 30 ساڵ نووسراوی بۆ ئاماده‌بووان خوێنده‌وه و دواتریش چه‌ند به‌سته و نمایشێك به‌ڕێوه‌چوون كه تێیاندا هه‌موو هۆزانهكان له‌سه‌ر ئاڵای كوردستان و پێشمه‌رگه بوون.
جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان جه‌عفه‌ر ئیمینكی له‌وباره‌یه‌وه له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن جگه له پیرۆزبایی كردنی رۆژه‌كه گوتی: "ئومێد ده‌كه‌م لایه‌نه‌كان بۆ ده‌ربازبوون له كێشه‌كان ئه‌مرۆژه بكه‌نه هه‌وین بۆ ئه‌وه‌ی له‌و كێشانه‌ی له كوردستاندا هه‌ن رزگارمان ببێت و ئیدی كۆتایی به ناكۆكییه‌كان بێت".
گوتیشی: "ده‌بێت هه‌موومان رێز له‌م رۆژه بگرین، رێز له ئاڵاكه‌مان بگرین و ئه‌م ئاڵایه هه‌زاران كه‌سی له پێناودا شه‌هید بوون".
سه‌باره‌ت به گفتوگۆكانی نێوان لایه‌نه‌كان بۆ كۆتایی هێنان به كێشه‌كانی هەرێم، ئیمینکی گوتی: "به‌داخه‌وه سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان پێشتر سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له ئه‌دای بۆیه پێویسته گۆڕانكاریی له ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی بكرێت و هه‌موومان له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ رێكبكه‌وین بۆ ئه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه به‌ره‌و پێشه‌وه بچێت".
په‌رله‌مانی كوردستان بە بڕیاری ژمارە 48 لە رێکەوتی2004/6/19 بڕیاری دا بە دانانی رۆژی 17ی مانگی كانوونی یه‌كه‌می هەموو ساڵێک بە رۆژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و رۆژی دایك لە کوردستان.
دیاریكردنی ئه‌و رۆژه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه سه‌رکۆماری كوردستان له مه‌هاباد، قازی محه‌مه‌د پاش ساڵێك له له‌ناوبردنی كۆمارەکەی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه له 17ی كانوونی یه‌كه‌م ئاڵای كوردستان دایه ده‌ستی جه‌نەڕاڵ مسته‌فا بارزانی و داوای لێ‌كرد بیپارێزێت تا ئه‌و كاته‌ی ده‌رفه‌ت ده‌بێت له‌هه‌موو كوردستان هه‌ڵی بدات.
ئاڵای كوردستان به هێمای كورده‌كان و ئه‌وانه‌شی له‌گه‌ڵیان ده‌ژیین له‌سه‌ر خاكهكیان داده‌نرێت و له چوار ره‌نگ پێكدێت كه سوور، سپی، سه‌وز، هه‌روه‌ها خۆرێكی 21 تیشكیشی له‌نێودایه وه‌كو ئاماژه‌یه‌ك بۆ 21ی نه‌ورۆز كه به رۆژی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌ستپێكی ساڵی نوێی كوردی داده‌نرێت و ئه‌و خۆره‌ش ره‌نگی زه‌رده.
ئاڵای كوردستان به‌م شێوه‌ی ئێستا پارتی خۆی بوون بوو كه له 1927 له لوبنان دامه‌زراوه و داوای مافی چاره‌ی خۆنووسینی بۆ كورد كردووه، هه‌مان ئه‌و ئاڵایه‌ش له كۆماری كوردستان له مه‌یدانی چوارچرا لە رۆژی دامه‌زراندنی له‌سه‌ر ده‌ستی قازی محه‌مه‌د و هاوڕێكانی هه‌ڵكراوه.