Mesut Varol
05 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 08 مای,س 2022
وان – AA
لە رێگای ئەو چالاکییانەی لەم ماوەیەی دواییدا لە دوورگە و کەناراوەکانی دەریاچەی وان ئەنجام دەدرێن، ناوچەکە بووەتە جێی سەرنجی گەشتیارانی بیانی و ناوخۆ.
دوورگەکانی ئاکدامار، چارپناک، ئادر و کوش لە دەریاچەی وان کە سروشتەکەیان تێک نەچووە و ئاوێکی سازگاریان هەیە بە تایبەتمەندییە مێژوویی و گەشتیارییەکانیان بەناوبانگن.

چوار دوورگەکەی دەریاچەی وان کە گەورەترین دەریاچەی تورکیایە میواندارێتی چەندین شارستانێتی گرنگیان کردووە و شوێنەوارەکانیشیان لە ناوچەکە ماون.
ئەم دوورگەیەی دەکەوێتە ناوەڕاستی دەریاچە شینەکە و وەک "ناوچەی شوێنەوارناسی" راگەیەندراوە و کەناراوەکانی دەریاچەکە کە شوێنەوارە مێژووییەکان و رەنگی سەوز و شین ئاوێزانی یەکتربوون، ئەو کەسانە بۆ لای خۆیان کەمەندکێش دەکەن کە روو لە شاری وان دەکەن.
ئەو گەشتیارە بیانی و ناوخۆییانەی روو لە وان دەکەن بە بەلەم دەچنە دوورگەکانی دەریاچەکە و لەنێویاندا دەسوڕێنەوە.

- ٢٥ هەزار کەس سەردانی دوورگەی ئاکداماریان کردووە
بەڕێوەبەری گەشتیاری و کولتووری وان، ئەردۆڵ ئوسڵو بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ئەمساڵ گەشتیارێکی زۆر روویان لە وان کردووە و گوتی: "لەم چوار مانگەدا، گەشتیاران بەتەواوی سەردانی ناوچە گەشتیاری و مێژووییەکانیان کردووە لە ئاکدامار. لەو ماوەیەدا ٢٥ هەزار کەس سەردانی دوورگەکەیان کردووە. تا دێت ژمارەی سەردانیکەرانیش زیاتر دەبێت".
ئەردۆڵ ئوسڵو ئاماژەی بەوەیش دا کە ئەو چالاکییانەی لە دوورگەکانی دەریاچەکە ئەنجام دەدرێن رۆڵیان هەبووە بۆ ناسینیان بە گەشتیاران.

- "بۆ بوژانەوەی گەشتیاریی ١٣ چالاکی جۆراوجۆرمان ئەنجام داوە"
بەڕێوەبەری هۆبەی کولتووری لە گەورەشارەوانیی وان، موخلیس کایا ئاماژەی بەوە دا کە بۆ بوژانەوەی پارێزگاکە لە رووی گەشتیارییەوە لە تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا ١٣ چالاکی جۆراوجۆریان ئەنجام داوە.
موخلیس کایا بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە بە تایبەت فۆتۆگرافەرانی سروشتی بەچڕی روو لە ناوچەکە دەکەن، گوتی: "ئامانجمان ئەوەیە دەریاچەکە و دوورگەکانی ناوی و کەناراوەکانی دەریاچەکە لەسەر ئاستی تورکیا و جیهان بناسێنین. ئێرە سروشتێکی ناوازە و دڵڕفێنی هەیە".

- "بە سروشتەکەیەوە بێئەندازە جوانە"
فاتمە کۆرئۆغڵو کە سەردانی دوورگەی چارپاناک-ی کردووە، گوتی: "دوای دوو کاتژمێر بە بەلەم گەیشتینە ئێرە. یەکەمجارمە دێمە ئێرە. ئێرە بە سروشتەکەیەوە بێئەندازە جوانە. هەزاران نەورەس لەو دوورگەیە هەن. شوێنەوارە مێژووییەکان و سروشتی دڵڕفێن لێرە ئاوێزانی یەکتر بوون".
هەروەها ئارەزوومەندی وێنەی فۆتۆگرافی، سەدات یڵماز گوتی: "سروشتی ئێرە تێکنەچووە. ئەمڕۆ بە گرووپێکی ٧٠ کەسی هاتووینەتە ئێرە. کەشێکی زۆر خۆشی هەیە. شینایی دەریاچەی وان و سەوزایی دوورگەکان، زۆر ئەفسوناوین".