Salim Hemexan
14 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 15 ئادار 2018
ھەڵەبجە – AA
بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی یادگاریی ھەڵەبجە، سەرخێڵ غەفار رایگەیاند "ئامادەباشی تەواومان وەرگرتووە بۆ ئەوەی پێشوازی لەھەموو ئەو میوانە بەڕێزانە بکەین کە روو لە مۆنۆمێنتی ھەڵەبجە دەکەن، چ لە ئامادەکاریی ئەمنیەوە چ لە ئامادەکاریی ھونەریی و خزمەتگوزاریەوە، بۆ بینینی بەشە جیاجیاکانی مۆنۆمێنتەکە و ئاشنابوون بە تاوانی کیمیابارانی شارەکە، ئەمە جگە لەوەی چەند پێشانگایەکی جیاواز لە گۆڕەپانی مۆنۆمێنتەکەدا دەکرێتەوە".
سەرخێڵ غەفار لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: " پێشبینی دەکەین رۆژی ١٦ی مانگ زیاتر لە پەنجا ھەزار کەس سەردانی مۆنۆمێنتەکە بکات، چونکە قورسایی سەردانی میوانان بەگشتی لەو رۆژەدایە و دەشتوانین بڵێین ساڵانە بە شێوەیەکی گشتی نزیکەی ٦٠ ھەزار کەس بۆ بینینی یادەوەریەکانی کیمیابارانی ھەڵەبجە سەردانی مۆنۆمێنتەکە دەکەن".
مۆنۆمێنتی ھەڵەبجە لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠١دا و لەسەر رووبەری هەزارو ١٠٠ مەتردووجا دەست بەبنیاتنانی کرا و تا ساڵی ٢٠٠٣ کۆتایی بە دروستکردنی ھێنراوە، کە بەرزی مۆنۆمێنتەکە ١٩ مەتر و ٨٨ سانیتمەترە وەک ئاماژەیەک بۆ ساڵی ١٩٨٨ و بە سێ قەبارەی جیاجیا کە ئاماژەیە بۆ مانگی سێ (ئادار) و شانزە ستوونی چوار یەکی کە ئاماژەیە بە ١٦ی مانگ و بە شێوەیەکی ئەندازەیی و لە لایەن نەخشەساز جەمال بەکر قەساب دیزاینی بۆ کراوە و لە رۆژی ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٠٣ و لە مەراسیمێکدا بەئامادەبوونی کۆڵن پاوڵ وەزیری دەرەوەی ئەوکاتەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی و پۆڵ بریمەر و نوێنەرانی حزب و لایەنە سیاسیەکان، بەرووی هاووڵاتییاندا کرایەوە.
مۆنۆمێنتی ھەڵەبجە کۆمەڵێک بەشی جیاواز لەخۆی دەگرێـت کە گرنگترینیان ھۆڵی مێژووی ھەڵەبجە کە رووی شارستانیەتی مێژووی شارەکە بە وێنە نمایش کراوە، لەگەڵ ھۆڵی مەرگەسات کە دروستکردنەوەی ھونەریانەی بەشێک لە دیمەنە تراجیدیەکانی مەرگەساتی کیمبارانی ھەڵەبجەیە بە شێوەی پەریکەری ھونەریی، بەشێکی تریشی دڵی ھەڵەبجەیە کە ناوی تەواوی شەھیدانی کیمیابارانی شارەکەی تیادا تۆمارکراوە.
ئەمە جگە لە چەند ھۆڵێک بنمایشکردنی وێنە و ڤیدیۆی تاوانی کیمیابارانی ھەڵەبجە و ئەو تاوانانەی تر کە دەرھەق بە خەڵکی شارەکە لە لایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە ئەنجام دراون، سەرەرای نمایشکردنی ھەموو بەڵگەنامەکانی دۆسیەی دادگاییکردنی سەرانی رژێمی بەعس لەسەر دۆسیەی ھەڵەبجە لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق، وێڕای وێنە و کەرەستەی رۆژنامەوانی ژمارەیەک لەو رۆژنامەنووسانەی کە لەدوای کیمیابارانکردنی شارەکە تاوانی کیمیابارانی ھەڵەبجەیان رووماڵ کردووە، لەنێویاندا کامێراکەی رۆژنامەنووس رەمەزان ئۆزتۆرک کە وێنەی بەناوبانگ و مێژووی شەھید عومەری خاوەری پێ گێراوە.