ھەولێر
ئەنجوومەنی باڵای وەبەرھێنان ٥٨ بڕیاری گرنگ لە بواری وەبەرھێنان دەر دەکات بۆ چارەسەری کێشەکان و وەک خۆیان دەڵێن بڕیارەکان لە بەرژەوەندی گشتی دەبن.
دەستەی وەبەرھێنان لە ساڵی ٢٠٠٦وە دامەزراوە و تا ئێستاش بەردەوامە و لە ١٧-٠٦-٢٠١٥ وە ئەم دەستەیە ٧٢٢ مۆڵەتی وەبەرھێنانی داوە بە پڕۆژەکان. لە کۆی ئەو مۆڵەتانە 331ی لە پارێزگای ھەولێر و 197 لە سلێمانی و 194ی لە دھۆک دراوە. هەتا ئێستا41 ملیار و 781 ملیۆن و 436 هەزار و 243 دۆلار وەبەرھێنان کراوە کە لەو بڕە لە ھەولێر نزیک بە 24 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار کە دەکاتە سەدا ٥٧.٦٨ی کۆی گشتی ئەو رێژییە و لە سلێمانی 12ملیار و 623 ملیۆن دۆلار کە لە سەدا ٣٠.٢١ و لە دھۆک 5 ملیار و 59 ملیۆن دۆلار کە دەکاتە ١٢.١١ لەسەدی ئەم رێژیەیە.
ئەو کۆمپانیایانەی لە ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنانیان کردووە کۆمپانیاکانی وڵاتانی ئەڵمانیا، ئەمریکا، ئیمارات، رووسیا، تورکیا، ئیران، گورجستان، سوید، سویسرا، فەڕەنسا، لوبنان، میسر، نیوزلەندا بوونە و ھەروەھا چەندین کۆمپانیای خۆماڵی بە ھاوبەشی لە گەڵ چەند کۆمپانیایەک لە دورگەی مۆریشیوس، ئیسپانیا، ھۆڵەندا، ئوردن، بەریتانیا، کەنەدا، کۆیت، باشووری ئەفریقا، پاکستان و کۆریا کار دەکەن.
وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان بەپێی ئاماری دەستەکە لە بواری بازرگانی، تەندروستی، پیشەسازی، خزمەتگوزاری، گەشتیاری، گەیاندن، گواستنەوە، فێرکردن، کشتوکاڵی، نیشتەجێبوون، ھونەر و وەرزشی بووە و ھەروەھا ئەو ٧٢٢ پڕۆژەیە لە سەر رووبەری ٥٢.٣٨٨ دۆنم زەوی بووە کە سەرەڕای ھەبوونی قەیرانی ئابووری و شەڕی داعش سێکتەری نیشتەجێبوون تا ئێستا یەکەمە و ھەروەھا لە نێو وڵاتانیش دوو وڵاتی تورکیا و ئیمارات گەورەترین وەبەرھێنانیان لە ھەرێمی کوردستان کردووە کە ھەر یەک زیاتر لە دوو ملیار دوڵار بووە.
لە کۆنگرەی رۆژنامەنووسی دەستەی وەبەرھێنان ئاماری ساڵانەی وەبەرھێنان لە ساڵانی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٥ خستە روو.
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان رێبوار خەلیل لە کۆنگرەکە گوتی "لە ئێستادا تەنیا مۆڵەتی وەبەرھێنان بۆ سێکتەری نیشتەجێبوون نادرێ بەڵام بە ھەموو بوارەکانی دیکە ئێمە یارمەتیدەرین و ھەروەھا زیاتر ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە کارەکانی رۆتین لە وەرگرتنی پڕۆژکانی وەبەرھێنان کەم بکەینەوە و خۆمان ببین بە خاوەنی ماستەر پلانێکی تایبەتی وەبەرھێنان وەکو وڵاتانی دیکە و ھەروەھا زیاتر ھەوڵ دەدەین یاسای وەبەرھێنان ھەموار بکەینەوە و ئەو یاسایە دابنێن کە لەگەڵ واقعی ئێستای ھەرێمی کوردستان بگونجێت و ھەروەھا ھانی بانکەکانی ھەرێم دەدەین تا پاڵپشتی وەبەرھێنەران بن".
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان گوتی: "بە مەبەستی چارەسەر کردنی کەموکوڕی و کێشەکانی رابردوو و بە تایبەتی لە کێشەی نیشتەجێبوون و دەرکردنی رێوشوێنی نوێ کە کێشەکان دووبارە نەببنەوە، هەوڵ دەدەین".
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان رێبوار خەلیل باس لەو کرد کە 14 کۆمپانیا دەخرێنە لیستی رەشەوە و پڕۆژەکانیان دەدرێنە کۆمپانیاکانی دیکە و ھەروەھا ناوی ئەو کۆمپانیایانەش ئاشکرا نەکرا و لەو بارەیەوە گوتی: "ھەروەھا ئەوانەی کە لە پڕۆژەکانیان کاری خزمەتگوزارییەکانیان تەواو نەکردووە، ئێمە دەست بە سەر قیستەکانیان دادەگرین و بە پارەی ئەوان ئەو پڕۆژانە تەواو دەکەین".