هەولێر -ھێمن بابان
گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا دەڵێت لە دوو مانگی یەكەمی ئەمساڵ داهاتی وەزارەتەكەی تەنها 53 ملیار دینار بووە، دەشڵێت 20 مێگاوات بە ناوچەكانی نەینەوا و 50 مێگاواتیش بە كەركووك دەدەن.
"800 مێگاواتمان لە پێویستی هەرێم كەمترە"
گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەندازیار یاسین حەسەن لەبارەی كەمبوونەوەی بڕی ئەو كارەبایەی دەدرێت بە هاووڵاتیان لە هەرێمی كوردستان دەڵێت "لە هەرێمی كوردستاندا لە مانگەكانی بەهار و پاییزدا هیچ كێشە و گرفتێكمان نییە و خواستنی كارەبا لە ئاست بەرهەمهێنان كەمترە، بۆیە لەو دوو وەرزە كارەبای نیشتمانی بەشێوەیەكی بەردەوام یان نیمچە بەردەوام دابین دەكرێت، بەڵام لە وەرزەكانی هاوین و زستاندا و بەدیاریكراوی لە ناوەڕاستی مانگی شەشەوە تا مانگی هەشت و لە زستانیش لە ناوەڕاستی مانگی یانزەوە تا كۆتایی مانگی دوو گرفتمان هەیە و ئەو بڕە كارەبایەی هەمانە وەكو بەرهەم كەمترە لە خواست لەسەر كارەبا، بۆیە ماوەی پێدانی كارەبا كەمتر دەبێت لە 24 كاتژمێر".
دەشڵێت "ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبای نیشتمانی ئێستا نزیكەی دوو هەزار و 600 تا 700 مێگاواتە، بەرزترین ئاستی خواست لەسەر كارەبا ئێستا گەیشتووەتە سێ هەزار و 500 مێگاوات و بەرەو زیاتر دەڕواتیش دەڕوات لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما".
ئەو ئەندازیارە پێی وایە ئەو بڕە كارەبایەی هەر هاووڵاتییەك بەكاری دەهێنێت پترە بە جارێك لەوەی هاووڵاتیانی وڵاتانی دەوروبەر یان ئەورووپا بەكاری دەهێنن، هاتنی ژمارەیەكی زۆر لە ئاوارە و پەنابەریش بۆ هەرێمی كوردستان بە هۆكارێكی دیكەی زیادبوونی خواست لەسەر كارەبا دەزانێت.
یاسین حەسەن ئاماژە بۆ ئەوە دەكات رێژەی گەشەكردنی كارەبا لە چوار سالی 2010 تا كۆتایی 2013 لە هەرێمی كوردستان 16 لەسەدە و ئەوەش بە رێژەیەكی زۆر زۆر دەزانێت، ئەوەش دەڵێت كە كێشەی سووتەمەنی و چەند كێشەیەكی تەكنیكی رێگرن لە وەگەڕخستنی چەندین وێستگەی دیكە كە سەدان مێگاوات كارەبای دیكە بۆ هەرێم وەدەست دەخەن، لەوبارەیەوە دەڵێت "چەند وێستگەیەكمان ئامادەیە بۆ كاركردن و هەندێك كۆتایی ئەمساڵ و سەرەتای ساڵی داهاتوو ئامادەدەبن بۆ دابینكردنی كارەبا، بەڵام كێشەی كەمی سووتەمەنی و گواستنەوەی وزە و هێڵەكانی گواستنەوەی 132 كەی ڤی و 400 كەی ڤی و تۆڕەكانی دابەشكردنیشمان هەیە، وێستگە ناوەندییەكانیش كە لەگەڵ فراوانكردنی تۆڕەكانی كارەبا پێویستی بە فراوانكردن و زیاتركردنییان هەیە، لە دوای ساڵی 2011ەوە هیچ بوودجەیەكی وەبەرهێنان بۆ ئەو مەبەستانە بۆ وەزارەتی كارەبا تەرخان نەكراوە كە پشتی پێدەبەستین بۆ ئەو پرۆژانە".
گوتیشی گرفتی كەمی بوودجەش چەندین پرۆژە و وێستگەی ئەوانی راگرتووە، ئەوە سەرباری پلانێكی سێ ساڵە كە لە ساڵی 2014ەوە دەستی پێدەكرد بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێم لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە چەندین كێشەیان هەیە و رێگرن لەبەردەم زیادكردنی مێگاواتی كارەبا لە هەرێم، لەو رووەوە دەڵێت "ئێستا وێستگەی خۆرمەڵە لە مانگی نۆی ساڵی رابردووەوە ئامادەی كارپێكردنە، وێستگەی كۆمباین سایكڵی هەولێری غازی ئامادەیە بۆ كاركردن، بەڵام كێشەمان هەیە لە رێككەوتن لەسەر نرخ و ئەو شتانە، هەروەها وێستگەی بازیان كە 750 مێگاواتییە كۆتایی ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو تەواو دەبێت ئەگەر هێڵی تۆڕی گواستنەوەمان نەبێت كە ئێستا كاركردن تێدا وەستاوە ناتوانیین سوودی لێ وەربگرین، جگە لەوانەش ئێستا وێستگەی خورمەڵە هێڵی تەواو و سووتەمەنی تەواوی هەبایە توانای بەرهەمهێنانی نزیكەی 550 مێگاواتی لەم هاوینەدا هەبوو، ئێستا نزیكەی 250 مێگاوات بەرهەم دەهێنێت، وێستگەی باعەدرێمان هەیە بەهۆی ئەوەی وەبەرهێنەرەكە پارەی وەرنەگرتووە 140 مێگاواتی بەرهەم هەبوو، ئێستا 40 مێگاوات بەرهەم دەهێنێت".
"ساڵانە دوو ملیار و پێنج سەد ملیۆن دۆلار بە كڕینی سووتەمەنی بۆ دابینكردنی كارەبا دەدرێت"
ئەندازیار یاسین حەسەن لە درێژەی قسەكانیدا لەسەر كەرتی كارەبا لە هەرێمی كوردستان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت "بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێم بە كەرتی تایبەت سپێردراوە، لە ساڵی 2008ەوە دەست كراوە بو بونیادنانی ژێرخانی كارەبا لە وێستگەكانی بەرهەمهێنان جگە لە وێستگەكانی دوكان و دەربەندیخان".
گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا لە درێژەی قسەكانیدا باس لەوە دەكات بەهۆی پشت بەستن بە گازوایل بۆ دابینكردنی كارەبا لە هەرێم خەرجییەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا زۆرترە، لەو بارەیەوە دەڵێت "وێستگەی غازی هەولێر و سلێمانی و دهۆك ئەگەر هەموو یەكەكانیان كار بكەن هەر وێستگەیەك هەزار مێگاوات بەرهەم دەهێنێت، وێستگەی دهۆك بە گازوایل و سلێمانی و هەولێریش بە غازی سرووشتی كاردەكەن ئێستا، باعەدرێ بە نەوتی رەش كار دەكات 40 مێگاواتی هەیە".
سەبارەت بە دابەشبوونی ئەو كارەبایەی لە هەرێم بەرهەم دێت بەپێی سەرچاوەی بەرهەمهێنانەكەی بۆ ئانادۆڵو گوتی "لە ساڵی 2014دا دوو هەزار و 570 مێگاوات كارەبامان بەرهەم هێناوە، هەزار و 80 مێگاواتی بە دیزڵ بەرهەم هاتووە واتە 42 لەسەدی كۆی كارەبای بەرهەم هاتوو لە هەرێم، هەزار و 175 مێگاوات بە غازی سرووشتی بەرهەمهاتووە كە 46 لەسەدی كۆی كارەبا پێكدێنێت، واتە هەردووكیان 88 لەسەدی غازی هەرێم دابین دەكەن، هەروەها 92 مێگاواتیش كە دەكاتە 3,5 لەسەدی كۆی كارەبای بەرهەم هاتوو بە هایدرۆ بووە، 125 مێگاواتی دیكە كە پێنج لەسەدی كۆی كارەبای هەرێم دەكات بە نەوتی رەش بەرهەم هاتووە، جگە لە 100 مێگاوات لە توركیاوە هاتووە كە 3,5 لەسەد دەكات".
یاسین حەسەن لەو هەڤپەیڤینەیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت زۆرێك لەو بڕە پارەیەی بۆ وەزارەتی كارەبا دابین دەكرێت بۆ خەرجیی سووتەمەنی دەڕوات و بەهۆی پشت بەستنی زۆری وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێم بە گازوایل خەرجیی كارەبا زۆر زۆرە. لەوبارەیەوە روونی دەكاتەوە "لە ساڵی 2014 ئەوەی هەبووە، كۆی تێچوونی دابینكردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەكانی بەرهەمێنان دوو ملیار و 480 ملیۆن و 484 هەزار دۆلار بووە، خەریجی كڕینی یەكەی كارەبا كە دەدرێت بە وەبەرهێنەرەكان 735 ملیۆن و 656 هەزار دۆلار بووە، تێكڕای ئەو پارەیەی بۆ وەزارەتی كارەبا خەرج كراوە، سێ ملیار و 416 ملیۆن و 141 هەزار دۆلار بووە، واتە زۆرینەی هەرە زۆری خەرجی وەزارەتی كارەبا بۆ سووتەمەنی بووە كە دوو ملیار و 480 ملیۆن و 484 هەزار دۆلار بوو، لەو بڕەش دوو ملیار و 294 ملیۆن دۆلاری بۆ دابینكردنی گازوێلەوە بووە".
گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا دەشڵێت حكوومەتی هەرێم بڕیاری دەركردووە كە لەماوەی ساڵێك و لە هەموو حاڵەتێكدا لە دوو ساڵ تێپەڕ نەكات سەرجەمی وێستگە پشت بەستووەكان بە گازوایڵ بگۆڕێت بۆ غازی سرووشتی پاش ئەوەی بۆی دەركەوت پارەیەكی زۆر لە كڕینی گازوایل خەرج دەكرێت.
یاسین حەسەن گوتیشی "ساڵانە بەم شێوەیەی ئێستا نزیكەی دوو ملیار و نیو دۆلار لە دابینكردنی سووتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا خەرج دەكرێت و ئەو پارەیەشی لێی وەردەگێرێتەوە وەكو داهات یەك لەسەر دەی خەرجییەكەیەتی".
روونیشی كردەوە "داهاتی كارەبا لە هەرێمی كوردستان زۆر زۆر كەمترە لەچاو ئەو پارەیەی بۆ بەرهەمهێنانی خەرج ئەكرێت، داهات 10 لەسەدی خەرجییەكە تێناپەڕێنێت بەو قەرزانەشی كە لەسەر خەڵكە و نادرێتەوە، چونكە حكوومەتی هەرێم پشتگیری كارەبا دەكات، یەكەكەیەكی كارەبا كیلوات/ كاتژمێرێك بۆ نموونە 15,17 سەنتی تێچووە كە نزیكەی 180 دینار دەكات بەحسابی جارانی نرخی دۆلار، بۆ هاووڵاتی تا 450 كیلواتیش هەر 15 دینار وەردەگیرێت".
ئەوەشی گوت كە لە دە مانگی یەكەمی ساڵی 2014 داهاتی كارەبا تەنها 230 ملیار دینار بووە، داهاتی كارەبا لە مانگی یەكەم و دووەمی ئەمساڵیش تەنها 53 ملیار دینار بووە.
سەبارەت بەو قەرزانەشی كە وەزارەتی كارەبا هەیەتی و لەلای خەڵك و حكوومەتە، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا دەڵێت "تا مانگی دووی ئەمساڵ تێكڕای قەرزەكانی وەزارەتی كارەبا لەسەر خەڵك و دامەزراوەكانی حكوومەت 295 ملیار و 260 ملیۆن دینارە بووە، لەو بڕە پارەیە 128 ملیار و 158 ملیۆن دیناری لای هاووڵاتییانە، 167 ملیار و 101 ملیۆن دیناریشی قەرزی حكوومییە، كە هەمووی دەزگاكانی حكوومەت نیین، هەیانە مزگەوت و قوتابخانە و فەرمانگەی حكوومی نیین، بەڵام كارەبا خەرج دەكەن و هەندێ شوێنی خزمەتگوزاری وەكو كەناڵی راگەیاندن و دەزگای كۆمەڵگەی مەدەنی".
" تێكەڵكردنی وەزارەتی كارەبا و سامانە سروشتییەكان پێشنیازی یەكگرتوو نەبووە"
سەبارەت بە بەرهەمهێنانی كارەبا لە رێگەی وزەی خۆر و باوە، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا ئەندازیار یاسین حەسەن بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێ "لەچەند ساڵی رابردوو كارمان لەسەر وزە نوێبوویەكان كردووە، بەڵام كاركردنەكە لە بواری لێكۆڵینەوەكە بووە، چونكە كاتێكی زۆری دەوێت و پێویستت بەداتایەكی زۆر هەیە، ئێستا ئەنجامەكانمان بەردەست كەوتووە و باشترین شوێن بۆ ئەو مەسەلەیە چەند ناوچەیەكی پارێزگای سلێمانییە لەوانە چەمچەماڵ، سوورداش، گەرمیانیش، بەگشتی تێچووی بونیادنانی ئەو سیستەمە زۆرە و رووبەرێكی زۆری زەوی دەوێت".
دەربارەی ئەو بڕە كارەبایەی دەدرێتە بەشێك لە شوێنەكانی پارێزگای نەینەوا و كەركووك، دەڵێت" 20 مێگاوات دەدرێتە ناوچە كوردییە رزگاركراوەكانی نەینەوا لەوانەی لە ژێر دەستی پێشمەرگەن، پێشتر 100 مێگاواتمان لە توركیا وەردەگرت و 50 مێگاواتمان دەدا بە پارێزگای نەینەوا و ئێستا نادرێت بە مووسڵ، هەروەها 50 مێگاواتەی دەدرێت بە كەركووك بەپێی گرێبەستێك لەنێوان پارێزگای كەركووك و وەبەرهێنەری وێستگەی هەولێری گازی و لەو ناوەندەشدا هێڵەكانی ئێمە بەكاردەهێنن بۆ گواستنەوە".
ئەندازیار یاسین حەسەن ئەوە ئاشكرادەكات كە تێكەڵكردنەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و كارەبا پێشنیازی خودی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم نێچیرڤان بارزانییە نەك یەكگرتووی ئیسلامی یان وەزیری كارەبا، لەوبارەیەوە روونی دەكاتەوە "سەرۆكایەتی حكوومەت داوایكردووە هەردوو وەزارەت تێكەڵ بەیەكتر بكرێت و ئەوەیان پێی باش بووە".
لە كۆتایی قسەكانیدا گوتەبێژەكەی وەزارەتی كارەبا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی پێوەری زیرەیك یەكێك لەو خاڵانە كە رێگە لە زێدەڕۆیی دەگرێت و لۆدی كارەبای ماڵانیش دیاری دەكات، ئەو پڕۆژە لەكابینەی پێشوو گەیشتە قۆناغی كۆتایی بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیراوە، گوتیشی بەهۆی سیستەمی دروستكردنی خانوو لە هەرێم وزەیەكی زۆری كارەبا بەفێرۆ دەچێت.
news_share_descriptionsubscription_contact
