Rawan Subhi Obaiullah
06 تشرینی یەکەم 2026•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2026
نۆزدەیەمین فێستیڤاڵی ترێ و هەنگوین لە شاری دهۆک، کە لە ڕێکەوتی ٤ تا ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ و بە بەشداریی ٨٠ جووتیار بەڕێوەچوو، جووڵەیەکی بازرگانی و گەشتیاری لە ناوچەکەدا دروست کرد و کۆتایی بە چالاکییەکانی هێنا.
بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی پارێزگای دهۆک لە ماوەی ئەو سێ ڕۆژەدا، زیاتر لە ٣٧ هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کرد و تێیدا کۆی گشتی ٥٦ تەن بەرهەمی جۆراوجۆر فرۆشران، کە پێکهاتبوون لە ٣٧ تەن ترێ، ٤ تەن هەنگوین و ١٥ تەن لە بەرهەمەکانی وەک برنج، سماق، پەتاتە و دۆشاوی تەماتە.
فێستیڤاڵی ساڵانەی ترێ و هەنگوین لە دهۆک بووەتە بۆنەیەکی گرنگ بۆ پشتیوانیکردنی ڕاستەوخۆی جووتیاران و هەنگەوانان و ئاسانکاری لە ساخکردنەوەی بەرهەمەکانیاندا، هاوکات ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕێت لە ڕاکێشانی ژمارەیەکی زۆری گەشتیاران لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی تری عێراق بۆ ناوچەکە.