Dilara Zengin Okay
30 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 31 کانوونی یەکەم 2022
واشنتۆن- AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن بوودجەی ٢٠٢٣ی پەسەند کرد کە بڕەکەی نزیکەی ١،٧ ترلیۆن دۆلارە.
ئەم پڕۆژەیاسایە بوودجەی ساڵی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵیی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ دابین دەکات کە لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٣دا کۆتایی دێت، پڕۆژەیاساکە دوای ئەوەی لەلایەن ئەنجوومەنی پیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسەند کرا، خرایە بەردەست سەرۆکی ئەمریکا.
لەوبارەیەشەوە کۆشکی سپی راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو کە پڕۆژەیاساکە لەلایەن بایدن-ەوە پەسەند کراوە.
سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاندووە کە لەگەڵ "کۆتاییهاتنی ساڵێکی بەرەوپێشچوونی مێژووییدا" ئەو پڕۆژەیاسایەی بوودجەی واژوو کردووە کە لەلایەن هەردوو پارتی سەرەکی ئەمریکاوە پشتیوانی لێکراوە.
- هاوکاریکردنی ئۆکراینا
دوای چەندین مانگ گفتوگۆ، لە کۆتاییدا پاکێجی بوودجەی ئەمریکا پەسەند کرا کە ٧٧٢،٥ ملیار دۆلار بۆ کەرتە ناسەربازیییەکان و ٨٥٨ ملیار دۆلار بۆ کەرتی سەربازیی تەرخان دەکات.
لە پڕۆژەیاسای بوودجەکەشدا ٤٥ ملیار دۆلار تەرخان کراووە بۆ هاوکاریکردنی ئۆکراینا لە رووی سەربازیی، مرۆیی و ئابوورییەوە.
هەر لە پڕۆژەیاساکەدا بەندێک هەیە کە دابەزاندنی تیکتۆک لە ئامێرە دیجیتاڵییەکانی تایبەت بە کارمەندانی دەوڵەت قەدەغە دەکات.
پڕۆژەیاساکە ٤٠ ملیار دۆلاریش تەرخان دەکات بۆ ئاساییکردنەوەی ژیان لەو ناوچانەی کارەساتە سرووشتییەکانی وەک لافاو، زریان و ئاگرکەوتنەوەیان لێ روودەدات.