Abdullah Shukur
15 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2018
ئورفا - AA
منداڵێکی تووشبوو بە نەخۆشی ئۆتیزم بە نەشتەرگەری نزیکەی دوو کیلۆ ماددەی پلاستیکی وەک کەوچکی چا، دەستەوانە و عەلاگە لە نێو گەدەیدا دەرھێنرا.
منداڵێکی تەمەن ١٤ ساڵی تووشبوو بە نەخۆشی ئۆتیزم بە ناوی مەھمەت ئەکینجی، لە لایەن کەسە نزیکەکانییەوە بەھۆی سک ئێشەیەکی زۆر گەیەندرایە نەخۆشخانەیەکی شاری ئورفا.
لە دوای پشکنینی پێویست، مەھمەت ئەکینجی رەوانەی نەخۆشخانەی فێرکاری زانکۆی حەران لە شاری ئورفا کرا و لەو شوێنە دەرکەوت کە قورسایەک لە سکی ناوبراودا ھەیە.
دەستبەجێ نەشتەرگەری بۆ ئەو منداڵە کرا و نزیکەی دوو کیلۆگرام ماددەی پلاستیکی وەک کەوچکی چا، دەستەوانە و عەلاگە لە نێو گەدەیدا دەرھێنرا.
لە دوای نەشتەرگەیەکی سەرکەوتوو، مەھمەت ئەکینجی دۆخی تەندروستی باشتر بوو، دواتریش رەوانەی ماڵەوە کرا.
پزیشکی نەشتەرگەری منداڵان و مامۆستای زانکۆ، مستەفا ئەرمان دۆرتەلار کە سەرۆکی ئەو تیمە بوو نەشتەرگەرییەکەی بۆ ئەکینجی ئەنجامدا، بە رۆژنامەوانانی راگەیاند کە ئەو نەخۆشە بە گومانی گرێ و نەخۆشی شێرپەنجە ھێنراوەتە نەخۆشخانە.
دۆرتەلار گوتی: "لە دوای لێکۆڵینەوەی پێویست ئەو نەخۆشە بە پەلە نەشتەرگەریان بۆ ئەنجامداوە. لە گەدە و ریخۆڵە باریکەی ئەو منداڵە قورسایەکمان دۆزییەوە، کە ئەویش پێکھاتبوو لە ماددەی پلاستیکی وەک کەوچکی چا، دەستەوانە و کێبلی کارەبایی، بە کۆی گشتی دوو کیلۆ گرام قورسایی لە سکی ئەو نەخۆشەمان دەرھێناوە".
ئەو پزیشکە راشیگەیاند کە لە دوای نەشتەرگەرییەکە دۆخی تەندروستی ئەو منداڵە باشتر بووە و ئێستاش رەوانەی ماڵەوە کراوە.