Aylin Dal,Hozan Mohammed Jabbar
24 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 25 نیسان 2023
ئەنقەرە - AA
تورکیا ئامادەکاری دەکات بۆ چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرکۆمار و ٢٨مین هەڵبژاردنی پەرلەمان کە رۆژی یەکشەممە ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣ بەیەکەوە ئەنجام دەدرێن.
هەڵبژاردنەکان کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی شەشی شوباتی قەهرەمانمەڕەش کە ١١ پارێزگای گرتەوە لەژێر رێوشوێنی نوێدا بەڕێوەدەچێت، تەنها ٢٠ رۆژی ماوە.
لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایاردا، ئەندامانی نوێی پەرلەمان و سەرکۆمار هەڵدەبژێردرێن کە بۆ پێنج ساڵ ئەو پۆستە بەڕێوە دەبات.
بەپێی ریزبەندی پسوولەی دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، موحەرەم ئینجە، کەمال کڵچدارئۆغڵو و سینان ئۆغان وەک کاندیدانی سەرکۆمار کێبڕکێی دەکەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە.
لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەماندا، ٢٤ پارت و ١٥١ پاڵێوراوی سەربەخۆ لەسەرانسەری تورکیادا بەشدارن.
پارتەکان بڕیاریانداوە بە پێنج هاوپەیمانی جیا و لەژێر ناوی هاوپەیمانانی ''جومهور، گەل، ئاتا، کار و ئازادی و یەکێتیی هێزی سۆسیالیست'' بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن.
لەو چوارچێوەیەشدا هەریەک لە ئاک پارتی، مەهەپە، بەبەپە و پارتی یەنیدەن رەفاهـ بە ناوی ''هاوپەیمانی جومهور'' بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن.
هەر یەک لە جەهەپە، ئیی پارتی، پارتی سەعادەت، پارتی ئایندە، پارتی دیموکراسیی و پارتی دیموکراسیی و پێشکەوتن و پارتی دیموکرات لە "هاوپەیمانی گەل"-دا کۆبوونەتەوە.
هەروەها پارتی سەوز و ئایندەی چەپ (پارتی سەوزی چەپ) و پارتی کرێکارانی تورکیا (تیپ) لەژێر ناوی ''هاوپەیمانی کار و ئازادی'' بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن.
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)ش کە دۆسیەی داخستنی لە دادگای دەستووریی تورکیا درێژەی هەیە لە لیستی "پارتی سەوزی چەپ"دا بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا دەکات.
هەر یەک لە پارتی زافەر و پارتی داد لەژێر ناوی ''هاوپەیمانی ئاتا'' و پارتەکانی دیکە وەک پارتی کۆمۆنیستی تورکیا و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی تورکیا و پارتی چەپ لەژێر ناوی هاوپەیمانی "یەکێتیی هێزی سۆسیالیست" بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا دەکەن.
لە سەرانسەری تورکیادا لە ٩٧٣ قەزا و هەزار و ٩٤ دامەزراوەی هەڵبژاردنی قەزادا، ١٩١ هەزار و ٨٨٤ سندوقی دەنگدان دادەنرێت.
لە هەڵبژاردنەکاندا، تێکڕا ٦٤ ملیۆن و ١١٣ هەزار و ٩٤١ دەنگدەر لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەنگ دەدەن. لەناوخۆی وڵاتدا، چوار ملیۆن و ٩٠٤ هەزار و ٦٧٢ دەنگدەر بۆ یەکەمجار بەشداری لە هەڵبژاردندا دەکەن. ژمارەی دەنگدەران کە لە گرتووخانەکاندا یان بەهۆی تاوانەوە دەستبەسەرن ٥٣ هەزار و ١٧٢ کەسن.
لە دەرەوەی تورکیادا لە ٧٥ وڵات و ١٥٦ نوێنەرایەتییەکانی دەرەوە، سندوقی دەنگدان دادەنرێت.
رۆژی پێنجشەممە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٣، پرۆسەی دەنگدان لە دەروازە گومرکییەکان و نوێنەرایەتییەکانی دەرەوەی تورکیادا دەست پێ دەکات و کاتژمێر ١٧:٠٠ی رۆژی یەکشەممە ١٤ی ئایاری ٢٠٢٣ دەنگدان لە دەروازە گومرکییەکان کۆتایی دێت و لە نۆی ئایاریشدا لە نوێنەرایەتییەکانی دەرەوە کۆتایی دێت. ئەمە لەکاتێکدایە کە دەنگدەرانی دەرەوەی وڵات ٢٤ کاتژمێر بە رۆژانی پشووشەوە دەتوانن دەنگ بدەن.
لە دەروازە گومرکییەکاندا، چوار هەزار و ٦٧١ سندوقی دەنگدان دادەنرێت و لە دەرەوەی وڵاتیش سێ ملیۆن و ٤١٦ هەزار و ٩٨ دەنگدەر هەیە. ژمارەی ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵات بۆ یەکەمجار بەشداری لە دەنگداندا دەکەن ٢٢٧ هەزار و ٦٤٦ هەزار کەسن.
- کاتی دەنگدان ٠٨:٠٠-١٧:٠٠
دەنگدەران لەنێوان کاتژمێرەکانی ٠٨:٠٠-١٧:٠٠ دەتوانن دەنگ بدەن. دەنگدەران دوای کاتژمێر ١٧:٠٠ کە لەلایەن دامهزراوهی باڵای ههڵبژاردن له توركیاوە دیاریی کراوە، ناتوانن دەنگ بدەن.
دەنگدەران بە ناسنامە کە ژمارەی ناسنامەی کۆماری تورکیای لەسەرە، پاسپۆرت، بەڵگەنامەی هاوسەرگیریی، بڕوانامەی خزمەتی سەربازیی، مۆڵەتی شۆفێریی، ناسنامەی پیشەیی کە دەدرێت بە دادوەر و داواکارانی گشتیی و پارێزەران و کارمەندانی سەربازیی یاخود یەکێک لە بەڵگەنامە فەرمییەکان دەتوانن دەنگ بدەن. ئەو دەنگدەرانەی یەکێک لەو بەڵگەنامانەیان لەلا نییە، ناتوانن دەنگ بدەن.
- لە چ حاڵەتێکدا دەنگ هەژمار ناکرێت؟
ئەگەر مۆری "بەڵێ" یان "هەڵبژێرە" لەسەر زیاتر لە هاوپەیمانییەک، پارتێک یان کاندیدێک کە لە یەک هاوپەیمانیدایە بدرێت، ئەوا هەژمار ناکرێت.
دڕاندنی کاغەزی دەنگدان، لێدانی هەر هێما یان مۆرێکی تایبەت، بوونی ناو، واژوو یان پەنجەمۆر لەسەر کاغەزەکە، دەنگەکە پووچەڵ دەکاتەوە.
- ئەوپەڕی ٢٥ کەس دەتوانن لە یەک سندوقی دەنگدانی گەڕۆکدا دەنگ بدەن
بۆ ئەو دەنگدەرانەی بەهۆی نەخۆشی یان کەمئەندامبوونیان لەسەرجێگان، "سندوقی دەنگدانی گەڕۆک" کە بۆ یەکەمجار لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨ و هەڵبژاردنی خولی ٢٧ی پەرلەمان کاری پێکرا، بۆ جاری سێیەم لە هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار تەنها لە ناوەندەکانی پارێزگا و قەزاکاندا دەتوانرێت کاری پێ بکرێت. ئەوپەڕی ٢٥ کەس دەتوانن لە یەک سندوقی دەنگدانی گەڕۆکدا دەنگ بدەن. شەش هەزار و ٢١٥ دەنگدەر لە رێگەی سندوقی گەڕۆکەوە دەنگ دەدەن کە بڕیارە لە ٤٢١ قەزا دابنرێت.
- چۆن کار بە ساڵنامەی هەڵبژاردن دەکرێت؟
لیستی کۆتایی ئەو کاندیدانەی خۆیان بۆ پەرلەمان هەڵبژاردووە لە ١٩ی نیسان لەلایەن دامهزراوهی باڵای ههڵبژاردن له توركیا راگەیەندرا. پرۆسەی داهاتووی ساڵنامەی هەڵبژاردن بەم شێوەیە دەبێت:
٢٧ی نیسان: پرۆسەی دەنگدان لە دەرەوەی وڵات و دەروازە سنوورییەکان دەست پێ دەکات.
چواری ئایار: قەدەغەکردنی ئازادیی بانگەشەکان دەست پێ دەکات.
حەوتی ئایار: دابەشکردنی لاپەڕەی زانیاریی دەنگدەران بەسەر دەنگدەران تەواو دەبێت.
نۆی ئایار: دەنگدان لە دەرەوەی وڵات کۆتایی دێت.
١٣ی ئایار: لە کاتژمێر ١٨:٠٠ەوە پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتایی دێت.
١٤ی ئایار: رۆژی دەنگدان. ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تا کاتژمێر ٢٣:٥٩ رادەگەیەنرێت.
- ئەگەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بچێتە خولی دووەمەوە
ئەگەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بچێتە خولی دووەمەوە ئەوا ساڵنامەی هەڵبژاردن بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کە لە ٢٨ی ئایار بەڕێوەدەچێت بەم شێوەیە دەبێت:
١٥ی ئایار: ئەگەر یەکێک لەو کاندیدانەی کە شایستەی بەشداریکردنە لە خولی دووەمدا بە هەر هۆکارێک بەشداری هەڵبژاردنەکان نەکات، ئەوا ئەو ماوەیەی کە بۆ گۆڕینی کاندیدەکان دیاریی کراوە کاتژمێر ١٧:٠٠ کۆتایی دێت. لە ئەگەری دواکەوتنی راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان، ساڵنامەی هەڵبژاردنەکان بۆ گۆڕینی کاندیدەکان بەو پێیە دەستکاری دەکرێت.
١٦ی ئایار: کاتی تانەدان لە دەستەی هەڵبژاردنەکانی پارێزگاکان و قەزاکان کاتژمێر ١٧:٠٠ کۆتایی دێت و تانەدانەکان تا کاتژمێر ٢٣:٥٩ لەلایەن دەستەی هەڵبژاردنەکانی پارێزگاکانەوە یەکلایی دەکرێنەوە.
١٧ی ئایار: دەستەی هەڵبژاردنەکانی قەزاکان دەست دەکەن بە پرۆسێسکردنی گۆڕانکارییەکانی لیژنەی سندوقی دەنگدان.
١٨ی ئایار: ئەو تانەدانانەی کە دژبە بڕیارەکانی دەستەی هەڵبژاردنەکانی پارێزگاکان دراون، لەلایەن دامهزراوهی باڵای ههڵبژاردنەکان له توركیاوە یەکلایی دەکرێنەوە.
١٩ی ئایار: ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان لەلایەن دامهزراوهی باڵای ههڵبژاردنەکانەوە رادەگەیەندرێت.