Mehmet Sıddık Kaya
09 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 09 مای,س 2023
دیاربەکر - AA
نازان یوسئوموت، خانمێکی شاری دیاربەکرە کە ١٣ ساڵ بەرلە ئێستا وەک خولیایەک رووی لە وێنەکێشان کردووە و لەئێستادا، ماڵەکەی هاوشێوەی پێشانگایەکی هونەریی لێهاتووە.
نازان یوسئوموت-ی تەمەن ٥٢ ساڵ کە کابانی ماڵە و دایکی دوو منداڵە لە ساڵی ٢٠١٠دا، بەشداری خولێکی وێنەکێشانی کرد و لەوێوە بەهرەی خۆی لە بواری وێنەکێشاندا ئاشکرا کرد.
ماوەی ١٣ ساڵە ئەو خانمە رۆژانە لە کاتی دەستبەتاڵیدا وێنەدەکێشێت و تا ئێستا زیاتر لە ٥٠ تابلۆی جۆراوجۆری نەخشاندووە.
نازان یوسئوموت سێ پێشانگای تایبەتی کردووەتەوە و بەشداری هەشت پێشانگای هاوبەشیشی کردووە. لە ماڵەکەی خۆشیدا وێنەکانی هەڵواسیون و ماڵەکەی شێوەی پێشانگایەکی هونەریی لەخۆگرتووە. لەسەر خواستیش وێنە دەکێشێت بۆ ئەو کەسانەی لە ناوەوە و دەرەوەی تورکیا پەیوەندی پێوەدەکەن و داوای تابلۆی لێدەکەن.
یوسئوموت لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئەوەی خستەڕوو کە هاوسەرەکەی پشتیوانییەکی زۆری کردووە بۆ دەستکردن بە وێنەکێشان و لەئێستادا گەیشتووەتە ئاستێک کە لە ناوەوە و دەرەوەی تورکیا پەیوەندی پێوەدەکرێت و داوای تابلۆی لێدەکرێت.
نازان یوسئوموت دەربارەی دەستپێکی وێنەکێشانیش گوتی: "سەرەتا ویستم بە پێنووس دەست پێ بکەم. لە سایەی مامۆستاکەمەوە دەستم کرد بە وێنەکێشان بە بۆیەی زەیتی و دواتریش بە بۆیەی پاستیل. لەو کاتەوە من لەناو ئەم رەنگانەدام و بەهرەی خۆمم لە بواری وێنەکێشاندا ئاشکرا کرد".