Aylin Dal
02 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2023
ئەنقەرە - AA
دادگای باڵای دەستووریی تورکیا لە نۆی ئاداردا، داواکاری هەڵگرتنی بڕیاری بلۆککردنی هەژماری هاوکاری دەوڵەت بۆ پارتی دیموکراتی گەلان (HDP) تاوتوێ دەکات.
لە دادگای باڵای دەستوورییدا، ئەو قۆناغە یاساییەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی دادگای باڵای تێهەڵچوونەوە، بۆ داواکردنی داخستنی هەدەپە دەستی پێ کردبوو، بەردەوامە.
هەر لە چوارچێوەی ئەم قۆناغەدا، رۆژی پێنجی کانوونی دووەم بڕیار درا، هەژماری تایبەت بە هاوکاری دەوڵەت بۆ هەدەپە، بلۆک بکرێت.
رۆژی نۆی ئەم مانگەش دادگای باڵای دەستووریی تورکیا گفتوگۆ لەسەر داواکاری لابردنی بڕیاری بلۆککردنەکە دەکات.
دەستەی دادگای باڵای دەستووریی دەتوانێت بڕیار بدات لەسەر لابردنی بلۆککردنەکە یان بەردەوامیدان پێی.
- قۆناغی دۆسیەی داواکردنی داخستنی هەدەپە
لە قۆناغی دۆسیەی داواکردنی داخستنی هەدەپەدا، سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی سەربە دادگای باڵای تێهەڵچوونەوە، بەکر شاهین لە ١٠ی کانوونی دووەمدا، لێدوانی خۆی دەربارەی دۆسیەکە پێشکەش کرد.
بڕیاریشە راپۆرتنووسی تایبەتی دادگای دەستووریی، دوای داکۆکی زارەکی بەرپرسانی هەدەپە لەو رۆژەدا کە بۆیان دیاریی کراوە، زانیاری و بەڵگەکانی تایبەت بە دۆسیەکە کۆبکاتەوە و راپۆرتێکیان لێ ئامادە بکات.
دوای دابەشکردنی راپۆرتەکەش بەسەر ئەندامانی دادگای باڵادا، سەرۆکی دادگا رۆژێک بۆ کۆبوونەوە دیاریی دەکات، لەو رۆژەدا ئەندامانی دادگای باڵا کۆدەبنەوە و دەست دەکەن بە ئەنجامدانی دانیشتنی بنچینەیی لەسەر دۆسیەی داواکاری داخستنی هەدەپە.